PUKmedia ورده‌كاری خانه‌نشینی ناوخۆ بڵاوده‌كاته‌وه‌

به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌ی كردوه‌ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ له‌ 40% كۆی گشتی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ ده‌ستپێده‌كات.

 له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌باس فه‌تاح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌مان ئاماده‌ی كردوه‌ بۆ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ، مانگی به‌رده‌وامبوونی كارمه‌ندان له‌ده‌وام رێژه‌ی خانه‌نشینییه‌كانیان ده‌ستنیشان ده‌كات.

 وتیشی: به‌پێی پرۆژه‌كه‌ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ له‌ 15 ساڵه‌وه‌ تا كاتی یاسایی خانه‌نشینی ده‌بێت و كه‌مترین خانه‌نشینی له‌ 40% كۆی گشتی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و هه‌تا مانگه‌كانی به‌رده‌وامبونی له‌ ده‌وام زیاتربێت رێژه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، به‌نموونه‌ ئه‌گه‌ر كارمه‌ندێك 15 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت هه‌روه‌ها مووچه‌كه‌شی یه‌ك ملیۆن دینار بێت، ئه‌وا 15 ساڵه‌كه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 180 مانگ لێكدانی مووچه‌ی مانگێك كه‌ به‌نموونه‌ یه‌ك ملیۆن دینار بێت ده‌كرێت پاشانیش دابه‌شی 450 ده‌كرێت، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌بێته‌ خانه‌نشینی مانگێكی كارمه‌نده‌كه‌.

عه‌باس فه‌تاح ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ئێستا هه‌ر كارمه‌ندێكی هێزه‌كانی ناوخۆ له‌كاتی ئه‌ركه‌كه‌یدا شه‌هید ببێت ناكرێته‌ شه‌هید، به‌ڵام له‌پرۆژه‌كه‌ماندا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌و هه‌ر كارمه‌ندێكی ناخوخۆ له‌كاتی ئه‌ركه‌كه‌یدا شه‌هید ببێت یان بریندار ببێت، شه‌هیدانه‌ و كه‌مئه‌ندامی بۆ ته‌رخانده‌كرێت، ئه‌وساش خانه‌واده‌ی شه‌هید یان كارمه‌نده‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ خۆی سه‌رپشك ده‌كرێت كه‌ كام مووچه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك شه‌هید یان كه‌مئه‌ندام ده‌ناسێرێت.


PUKmedia دیار ستار

 

7/9/2019 10:55:00