هەدەپە و قەیومەكانی ئەردۆگان

دوای دۆڕانە جەرگبڕەكەی  ئاكپارتی لەهەڵبژاردنە شارەوانییەكانی ئەمدواییەی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان لە لێدوانێكدا زۆر بە راشكاوی ستراتیژی ئایندەی حكومەتەكەی بۆ روبەروو بوونەوەی هەر قەیرانێكی نێوخۆیی ئاشكرا كردوو وتی: ( بە هیچ شێوەیەك رێگا نادەین ئەو شارەوانیانەی لەدەستمانچووە لەلایەن كەسانێكەوە بەرێوەببرێن كە پشتگیری قەندیل دەكەن)، هەندێ چاودێری نێوخۆیی توركیا و دەرەوەش پێیان وابوو ، لێدوانەهەڕەشەئامێزەكەی ئەردۆگان تای هەڵبژاردن و دۆراندنی شارەوانییەكانە بەتایبەتی شارەوانی ئەستەمبوڵ، بەڵام لە واقیعدا بەرنامەی دارێژراوی حكومەتەكەی ئەردۆگان بوو بۆ بەرانگاربوونەوەی مەددی  هێزی پێشكەوتووخوازی وەك هەدەپە و شەپۆلی حزبە سیكۆلارەكان و بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە ببێتە  مایەی نەك تەنیا لەدەستدانی پۆست و دەسەڵاتەكەی بەڵكو  دوورخستنەوەشی لە ژیانی سیاسیی كە  ئەویش بە تەنیا  بە روودانی كودەتا  دروستدەبێت .

لە خەیاڵدانی ئەردۆگاندا تەنیا رێگە بۆ راماڵینی دێوەزمەی كودەتا كە لە گۆرەپانی توركیادا چەند بارەبۆتەوە  و دەسەڵاتی پێگۆراوە، دۆزینەوەی  (الحلقە الاچعف)ی نێو پارتە سیاسییەكانی توركیایە بۆ ئەوەی لەو رێیەوە بتوانێ قەیرانێكی نێوخۆیی دروستبكات و عەسكەری پێ سەرقال بكات و خۆی و حزبەكەی لەو مەترسیانە دووربخاتەوە كە پێی وایە ئەگەری كوتای لێدەكەوێتەوە. ئەو رێگایەش خۆی لە لابردنی سەرۆكی سێ شارەوانی ناوچەكوردییەكان دەبینێتەوە و دانانی قەیوم لەجێیان، ئەردۆگان لە هەمووكەس زیاتر هەست بە نایاسایی و نادەستووریی دەستبردەنەكەی دەكات بۆ لابردنی ئەو سێ  سەرۆك شارەوانییەو  لەهەموو كەسیش زیاتر درك بەو راستییە دەكات كە ئەو جۆرە لابردنە نەك قازانجی بۆ پێگەی سیاسیی خۆی و حزبەكەی نییە بەڵكو زیانی گەورەشی بۆ پێگەی جەماورەیی و دەنگدەر و هەوادارانیشی هەیە، چونكە ئەگەر بیزانیایە دانانی قەیوم بۆ شارەوانییە لەدەستچووەكانی سودی هەیە ئەوا  سەرەتاولە دەستپێكدا سەرۆكی شارەوانی ئەستەمبولی لادەبرد و  بەقەیوم بەرێوەی دەبرد  چونكە چەندین جار لە میانی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا ئەردۆگان دووپاتی دەكردەوە  هەر حزبێك  لە هەڵبژاردندا شاری ئەستەمبول  بدۆرێنێ ، توركیای دۆراندووە، بۆیە دەستبردنی ئەردۆگان بۆ لابردنی سەرۆكی سێ شارەوانی ناوچە كوردییەكان ، هێَندە بۆ دروستكردنی قەیرانی نێوخۆییە ئەویش بۆ سەرقالكردنی عەسكەرە هێندە بۆ  لابردنی سەرۆكی شارەوانییە لەدەستچووەكان نییە.

بەڵام لێرەدا ئەردۆگان لایەنێكی هەڵبژارد كە پێی وایە كەمترین كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە ، لایەنی كوردییە بۆیە سێ سەرۆكی شارەوانی لابرد كە هەر سێكیان   لەلایەن كوردە بەرێوەدەبرێن ، تەوقیتی لابردنی بەقیوم بەرێوەبردنی ئەو شارەوانییانە جەوهەری مەسەلەكەیە  و خاڵێكی گرنگیشە لەكۆی ئەو بەرنامە و ستراتیژە دارێژراوەی كە ئەردۆگان نەخشاندویەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەر خۆی و حزبەكەی ، ئەگەر سەرنج بدرێت لابردنی سەرۆكی شارەوانییە كوردەكان هاوكات بوو لەگەڵ بۆردومانكردنی كاروانێكی سەربازی سوپای توركیا لەنێو خاكی سوریا لەلایەن فرۆكە جەنگیەكانی بەشار ئەسەد . زیانی بۆردومانكردنی ئەو كاروانە بۆ ئەردۆگان تەنیا ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانك و زریبوشی كاروانەكە نەبوو،  بەڵكو شیوەنەكەی ئەردۆگان  بۆ  شكاندنی شكۆی سوپای توركیایە لەلایەن هێزی وڵاتێكەوەیە كە سەرۆكی حكومەت و وڵاتەكەش لەلایەن ئێران و روسیاوە بەقیوم بەرێوەدەبرێ كە ئەویش سوریای بەشار ئەسەدە ، شیوەنی ئەردۆگان  ترسە لە كاردانەوەی عەسكەرە كە  توركیا بەو هەموو جەبەرەت و  ژێرخانە سەربازییە گەورەو بەهێزەیە لە رووی هێزی ئاسمانیی و دەریایی و پیادەییەوە ، كاروانە سەربازییەكەی  لە نێوخاكی سوریادا  نەك نەیتوانی فریاری موعارەزەی سوریا بكەوێت  لە هێرشەكانی سوپای بەشار ئەسەد لە شەری (خان شەینخون) دا ، بەڵكو قوربەسەرانە كاروانەكە لە ئاسمانەوە   زەلیلی تەنیا یەك فرۆكەی كۆنی سەربازی سوپای  سوریا بۆتەوە و لە سەر زەویشدا ئابڵوقەدراون . ئەم قەیرانە چاوەراننەكراوەی كە یەخەی ئەردۆگانی گرتۆتەوە.

 وایلێكرد یەكێك لەو كارتانە بەكاربهێنێ كە پێشتر بەهۆی شكستەكانی هەڵبژاردنی شاروانەییەكانەوەدایرشتبوو بۆ  سەرقاڵكردنی عەسكەر بۆ دورخستنەوەی خۆی حزبەكەی لە ئەگەری كودەتا ، كارتەكەش بریتیی بوو لەدروستكردنی كێشەو قەیرانی لابردنی سەرۆكە شارەوانییە كوردەكان بوو ،بۆ ئەوەی سوپا بە كێشەیەكەوە سەرقال بكات كە پەیوەندی بەكوردەوە هەیە لەناو توركیادا. 


PUKmedia   مەریوان عەلی محەمەد

 

24/8/2019 14:45:00