كۆنگرەیەكی نوێ،یەكێتییەكی نوێ

مامۆستا سەیفەدین*

ناوەناوە دەنگۆی بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بڵاودەبێتەوە تەنانەت لە رابردووی نزیك كاتەكەشی بۆ دیاریكرا و دواتر كەس خۆی لێنەكرد بە خاوەن بابەتەكە دیزە بە دەرخۆنە كرا.

ئەمجارەش لە هیكەوە داواكردنی بەپەلە و بێ دواكەوتنی بەستنی كۆنگرە هەموو تێكۆشەرانی (ی.ن.ك) ی بەئاگا هێنایەوە و بڕوایەك بۆ بنكەی رێكخستنەكان دروست بوو كە ئەمجارەیان مەسەلەكە جدی یە و دواناخرێت…

بۆ ئەوەی راستیەكان وەكو خۆی باس بكەین لەنێوان هەردوو بانگەواز و دەنگۆكە ناوەناوە دەنگێكی ناوەخت بەرز دەبۆوە ، بەڵام دواتر كپ دەبۆوە یان كپ دەكرایەوە و كەس بە هاوار ئەو دەنگەوە نەدەهات!!

كۆنگرەكردن یا بەستنی كۆنگرە بۆ دوو مەبەستە یەكیان دانان و داڕشتنەوەی پەیڕەو و بەرنامەیە و ئەویتریان هەڵبژاردنی سەركردایەتیە.

تاقیكردنەوەی رابردوو ئەوەمان پێدەڵێت لە كۆنگرەدجا ئەوەندەی بایەخ بە گەیشتن بە (سەركردایەتی) دەدرێ نیو ئەوەندە بایەخ بە پیادەكردنی (پەیڕەو و بەرنامە) نادرێ. نموونە و بەڵگەش زۆرن.

لەڕاستیشدا هەموو كێشە و ناكۆكیەكانی روودەدەن هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێشێلكردنی پەیڕەو و بەرنامە. بە واتایەكی تر ئەوەی هەمیشە كێشە و بێنە و بەردەی لەسەر دروست بووە هەمووی لەسەر (هەریسە) ەكەی سەركردایەتی بووە و زۆرجاریش پەیڕەو و بەرنامە كراوەتە (كراسەكەی عوسمان). كەچی دواتر دەركەوتووە بەكارهێنانەكە بۆ مەبەستی تر بووە!!

ئەگەر سەرنجی لێكترازان و دواتر تێڵبوونەوەكان بدەین دەگەینە ئەنجامێك هەردوو پرۆسەكە پەیوەندی بە فكر و ئایدۆلۆجیەتەوە نەبووە، بەڵكو پەیوەندی بە جۆری ململانێیەكانی ناو سەركردایەتی و نەگونجانی كەسایەتی ئەو تێكۆشەرانە هەبووە كە هەردوولایان لە یەك سەنگەری حزبی تێكۆشاون!

هەتا مام جەلال لە ژیاندا بوو _ هەرچەندە نوشوستی و هەڵسانەوەش هەبوو _ هەموومان یان راستتر بڵێم زۆربەمان قەناعەتمان وابوو پێكهاتەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) هەرچیەك و هەرچۆنێك بێت، مادام مام جەلال گەورەی یەكێتیە جەماوەر و ئەندامەكانی بێخەم بوون لە ئێستا و داهاتووی یەكێتی دا!!

ئەو هەڤاڵانەی ئێستا رابەرایەتی (ی.ن.ك) دەكەن بێ (مام جەلال) یان پێوە دیارە، كارەكان تەندروست بەڕێوەنابەن، لەسەر مەسەلەكانی رۆژ بڕیاری یەكگرتوویان نیە، خەریكی هەندێ كاری لابەلان، زۆربەی تێكۆشەرانی (ی.ن.ك) یان خستوەتە باری بێ متمانەیی. تەنانەت هەندێ جار توشی رەشبینیان كردووین!!

هەموومان ئەو راستیە باش دەزانین بەشێكی زۆری ئەوانەی پەیڕەو و بەرنامە پێشێل دەكەن بونەتە مایەی پشێوی نانەوەی ناو یەكێتی. ئەوانەی سودمەندن و دەیانەوێ بەردەوام بن، بەڕێوەبردنی یەكێتی تەندروستانە بە بەرژەوەند نابینن! ئەوانە بە ئاشكرا دەستەگەری دەكەن، بە ئاشكراش فەرق و جیاوازی لەنێوان هەوادار و كەسانی نزیك خۆیان و كەسانی تری ناو (ی.ن.ك) دەكەن.

ئەگەر كۆنگرەكردن چارەسەر بووا، دەبووا زووتر بیكەین.

ئەو دەنگۆیانەی لەولا و ئەملا دەبیسترێ لەسەر كۆنگرەكردن دوو جۆرە رەئی لەسەرە، یەكیان پێداگری لەسەر (تەوافق) دەكات و ئەویتریان پێداگری لەسەر (تەوافق نەكردن) دەكا.

ئەوانەی (تەوافق)یان پێ باش نییە، مەبەستیانە ئەمری واقعی (ی.ن.ك) وەكو خۆی بهێڵنەوە و رەنگە چەند كەسێك بگۆڕدرێ، بەڵام چاوەڕوان ناكرێ گۆڕانێكی بنەڕەتی لە جەوهەری بیركردنەوەی بەڕێوەبردنی (ی.ن.ك) بێتەدی. ئەگەر كۆنگرە بەڕای (تەوافقیەكان) بكرێ ئەتو هێزەی لە هەندێك تێكۆشەر ماوە، ئەو هێزەش رۆژ بە رۆژ بەرەو پڕووكان دەچێ و بە دەردی بەردەكەی (سیزیف) دەچین.

ئەوانەی (تەوافق)یان پێ باش نیە و دەیانەوێ سەركردایەتی بێ تەوافق هەڵبژێردرێ، ئەوەشیان دروشمێكی عەمەلی و واقعی نیە و ئاخیرەكەی هەر بە (توافق) كۆتایی دێ، ئەگەر بە (توافق) یش كۆتایی نەهات، ئەنجامەكەی ئەوە دەبێت سەركردایەتیەك دێتە كایەوە (ئەهلی توافقیەكان) بەلاوە دەنێ، بەڵام ناتوانێ گەورایەتی هەموو لایەك بكات، رەنگە سەرنەكەوتنی لەوی تر زۆرتر بێ نەك كەمتر كەواتە هەردوو بیركردنەوەكە ئەنجامەكەیان ئەگەر وەك یەك نەبێ، زۆر لە یەكتر نزیكن و كۆتاییەكەی بە وزیان تەواو دەبێ.

باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستای ئێمەی پێ تێپەڕ دەبین ئەوەیە لەلایەكەوە ناكرێ لەو ململانێ و كێشمەكێشمەی دەسەڵاتدارەكان خۆمان لە گێلی بدەین دەبێ بەدوای پەرتەوازەكردنی ئەو تەكەتولانە خەریك بین تا دەگەینە هەندێ ئەنجامی باش. لە هەمان كاتیشدا دەبێ دەست بە (ی.ن.ك) ەوە بگرین لە لەتبوون و بێهێزبوون بیپارێزین.

لەو هەیئەتەی بۆ ئامادەكاری كۆنگرە دانراوە جگە لەوەی بە ئەركەكانی خەریك دەبێ لە پێشینەی ئەركەكەی دا دۆزینەوەی میكانیزمێكی عەمەلیە لە چوارچێوەی پەیڕەودا ئەویش ئەویە تێكۆشەرەكان لەژێر یەك بنمیچی كۆنگرە كۆكاتەوە، ئەركی دووەمی مەسەلەی پەیڕەو و بەرنامەی داهاتووی (ی.ن.ك) ساغ بكاتەوە، بەرچاوڕوونی بداتە هەموو لایەك كە كاری داهاتوو بەپێی پەیڕەو و كاری دیاریكراو دەبێت و ناچێت بەلای هەڵبژاردنی سەركردایەتی.

مەسەلەی هەڵبژاردنی هەر شارێك یەكێكی تر بێ لە ئەجێندەكانی كۆنگرە، لیژنەیەك لە لیژنەكانی كۆنگرە تاوتوێی ئەو بابەتە بكا.

بە بۆچوونی بەندە بۆ هەر شارێك ئەنجومەنێك هەڵبژێردرێ و پلەبەندی رێكخراوەیی تیادا رەچاو بكرێ بۆ هەر یلەیەك چەند خاڵ و بەندێكی بۆ دابنرێت، ئەوەندەی بایەخ بە جێبەجێكردنی ئەركەكان دەدرێ ئەوەندە بایەخ بە ئیمتیازات نەدرێ كە ببێتە كەرەستەی ململانێی ناڕەوا.

ئەنجومەنی شارەكان شۆڕبكرێتەوە بۆ قەزا، ناحیە، گوند، لە شار و شارۆچكەكانیش شۆڕبكرێتەوە بۆ گەڕەك و گەڕەكیش بۆ چەند بلۆكێك.

لەنێو ئەنجومەنی شارەكاندا لەهەر شارێك 2-3 نوێنەر دەستبشان بكرێت بۆ ئەنجومەنی ناوەندی سەركردایەتی (ی.ن.ك).

ئەنجومەنی شارەكان دەسەڵاتی تەواوی بەڕێوەبردنی كاری رێكخراوەیی، ئیداری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، راگەیاندن، (جگە لە پەیوەندییە گشتییەكان، پێشمەرگەیی، مالیی …) ناوچەكەی خۆی هەبێ و لەنێوان دوو كۆبونەوەدا بۆی هەبێت دووبارە نوێنەرەكانی خۆی بوو ئەنجومەنی ناوەندی سەركردایەتی (ی.ن.ك) هەڵبژێرێ.

كۆمیتەی ئامادەكار هەوڵیدا زۆرترین پێشنیار كۆبكاتەوە و تەتەڵەیان بكات بۆ ئەوەی لە داهاتوو (ی.ن.ك) بچێتە قۆناغێكی تر كە چیتر دەوری تاقە كەسێك یا چەند كەسێك نەبێتە سیاسەتی حزب، بەڵكو یەكێتی ببێتە دامەزراوەیەك هەركەسە و بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێ. دەبێ ئەو رێكخراوە حزبی هەموومان بێت نەك حزبی تاقم تاقم و بنەماڵە، ئەوەش رێگر نابێ لەبەردەم كەسە بەتواناكانی ناو تاقم و بنەماڵەكان، چونكە ئەوەشیان دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو خاڵ و بەندانەی كە دانراون لە كۆنگرە بۆ ئەو كەسانەی خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكەن.

دوا وتەم ئەوەیە ئەوانەی بە یەكێتی ماندوو بوون و قوربانی زۆریان داوە، ململانێ هیلاكی كردوون دەبێ لە هەموو كەس زیاتر هەوڵ بدەن ئەو خاڵ و بەندانە دەستیشان بكەن بۆ لیژنەكانی كۆنگرە كە دەبنە مایەی سەركەوتنی كۆنگرەكە و هێنانەكایەی یەكێتیەكی نوێ.

 

*كادری پێشكەوتووی ی.ن.ك

21/8/2019 15:44:00