كۆسرەت رەسوڵ و كونسوڵی فەرەنسا چەند پرسێك تاووتوێ دەكەن

‎ئەمڕۆ 18ی ئابی 2019، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئامادەبوونی عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشوازی كرد لە دۆمەنیك ماس كونسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان.

‎دیدارەكە كە بەمەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایی هاتنی كارەكانی كونسوڵی فەرەنسا لە هەرێم ئەنجامدرا، كۆسرەت رەسوڵ سوپاسی كونسوڵی فەرەنسای كرد كە لەماوەی ڕابردوودا ڕۆڵی ئیجابی خۆی بینیوە لە پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فەرەنسا، هەروەك سوپاسی حكومەت و گەلی فەرەنسای كرد كە هەمیشە هاوكارو پشتیوانی كورد بوونە لە سەردەمی خاتوو دانیال میترانەوە تا ئێستا. 

سوپاسی تایبەتی سەرۆكی پێشوی فەرەنساشی كرد كە لەكاتی جەنگی دژ بەداعش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو پشتیوانی فەرەنسای بۆ هێزی پێشمەرگەو گەلی كوردستان دووپاتكردەوە.

‎لای خۆیەوە كونسوڵی فەرەنسا لە هەرێم سوپاسی كۆسرەت رەسوڵ-ی كرد كە لەماوەكانی رابردوودا هەماهەنگی باش لەنێوانیان هەبوەو هیوای خواست لەگەڵ كونسوڵی داهاتووش هەمان هەماهەنگی هەبێ.

‎هەر لەدیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنەكان و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، هەردوولا كۆكبوون كە گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی هاوبەش بكرێتە بنەمای كاركردن بەئامانجی خزمەتكردنی زیاترو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر و دۆخی ئارام و لێكتێگەیشتن زەمینەی لەبار دەڕەخسێنێ بۆ پشتگیری و پەرەپێدانی پڕۆسەی چاكسازی لە حوكمڕانی.

PUKmedia راگەیاندنی جێگری سكرتێری گشتی   فۆتۆ: هاوژین شەریف

 

8080890.jpg

8786786.jpg

18/8/2019 16:43:00