‎كۆسره‌ت ڕه‌سول پیرۆزبایی له‌پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات

به‌بۆنه‌ی یادی حه‌فتاو سێ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:


به‌ڕێز: كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
‎به‌ڕێزان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان

‎له‌ یادی حه‌فتاو سێ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ناوی خۆم و هه‌ڤاڵانم له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمان ئاراسته‌ی جه‌نابت و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانتان ده‌كه‌ین، ده‌خوازین به‌رده‌وام بن له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری گه‌له‌كه‌مان و به‌دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانمان.
‎دۆخی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێ سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌یه‌ك گوتاری هاوبه‌شی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ساز و ئاماده‌بن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاته‌كان و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ گه‌له‌كه‌مان، بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێ.
‎ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی حوكمڕانی له‌كوردستان ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ ته‌نهاو ته‌نها به‌یه‌كگرتوویی ده‌توانرێ باشترین خزمه‌ت پێشكه‌شی هاووڵاتیان بكرێ و به‌ره‌نگاری هه‌موو هه‌وڵێكی تیرۆرستان و مه‌ترسی بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌مان بین.
‎جارێكی تر پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمانتان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین و هیوادارین به‌رده‌وام بن له‌ خه‌بات و تێكۆشان.

‎كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی
‎جێگری سكرتێری گشتی
‎یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia

15/8/2019 19:41:00