میروه‌یس: به‌بێ پێشمه‌رگه‌ بۆ شاییه‌ ئه‌منیه‌كان پڕناكرێنه‌وه‌

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، جموجوڵه‌كانی داعش زیادی كردوه‌و، بۆ پاراستنی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عیراقیه‌كان پێویسته‌.

 

شێركۆ میروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  له‌لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: جموجوڵه‌كانی داعش  له‌سوریاوه‌ به‌ره‌و موسڵ تاده‌گاته‌ سڵاحه‌دین و خورماتوو دواتر به‌دیوی ئه‌نباردا زیادی كردوه‌.

 

رونیشكرده‌وه‌: له‌ته‌واوی ناوچه‌  جێناكۆكه‌كان به‌بێ پێشمه‌رگه‌ ناتوانرێت ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منیانه‌ پڕبكرێنه‌وه‌، وه‌ گرنگه‌ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراقدا هه‌بێت بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش.

 

میروه‌یس له‌باره‌ی رێكنه‌كه‌وتنی نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عیراقیه‌كان، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌هۆی ئه‌و زانیاریه‌ هه‌ڵانه‌ی كه‌له‌فه‌رمانده‌و هه‌واڵگریه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ده‌ستی ده‌ستی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه‌.

له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ناحیه‌ی كوڵه‌جۆ، شێركۆ میروه‌یس ووتی: ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌كو سنوری جوگرافی سنورێكی زۆر پان و به‌رینه‌، ئه‌و هێزانه‌ی له‌وێن نه‌یانتوانیوه‌ ناوچه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، ده‌یان ناوچه‌ هه‌یه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ عیراقیه‌كان، ئه‌و هێزه‌شی له‌وێیه‌ به‌پێی پێویست نیه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌كه‌، چونكه‌ به‌بێ بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منیانه‌ پڕناكرێته‌وه‌.

 

میروه‌یس هۆشداریدا، ئه‌گه‌ر بێت و هه‌رچی زووه‌ خه‌مێكی گه‌وره‌تر بۆ ئه‌و ناوچانه‌ نه‌خۆین كاره‌ساتی گه‌وره‌تر رووده‌دات.

 

PUKmedia تایبەت 

13/8/2019 14:16:00