PUKmedia چیرۆكی بینا سووتاوه‌كه‌ی سیروان بڵاوده‌كاته‌وه‌

به‌هۆی شه‌ڕی عیراق – ئێرانه‌وه‌ و له‌ڕۆژی 6-8-1986 دانیشتوانی ژماره‌یه‌ك له‌ گونده‌كانی سنووری ناحیه‌ی سیروان و ناوچه‌ی هه‌ورامان، بینای قوتابخانه‌یه‌ك له‌ ناحیه‌ی سیروان ده‌كه‌نه‌په‌ناگه‌ بۆ  پاراستنی خۆیان له‌ پریشكی  ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌را، به‌ڵام 200 هاووڵاتی تێدا شه‌هید بوون و ده‌یانی دیكه‌شی تێدا بریندار بوون .

شایه‌تحاڵه‌كان رووداوه‌كه‌ بۆ PUKmedia  ده‌گێڕنه‌وه‌

ئه‌نوه‌ر عارف كه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌رباز بووه‌ له‌ گوندی سه‌رانشی سه‌ر به‌قه‌زای زاخۆ له‌ لیدوانێكدا به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌كاتی گوێبیستی رادیۆی به‌غدادا هه‌واڵیك بڵاوبوویه‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌سفكردنی بینا سووتاوه‌كه‌ كه‌ تێیدا وتی 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌مناڵ و ژن، منیش به‌ گریانه‌وه‌ وتم كه‌س و كاره‌كه‌م له‌و بینایه‌دا، ئیجازه‌یان پێدام و گه‌رامه‌وه‌ كه‌ نزیكی بیناكه‌ بوومه‌وه‌ دوای دوو ڕۆژ بۆنی قژ و خوێن و مرۆڤ ده‌هات كه‌ چوومه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ دایكم پێی ووتم 40 كه‌س له‌ بنه‌ماله‌كه‌مان شه‌هید بوون.

حه‌سیبه‌ ره‌حیم كه‌ له‌ناو بیناكه‌دا بووه‌ سه‌رقالی نان كردن بووه‌ له‌ لیدوانێكدا به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: چوار مناڵی هه‌بوون كه‌ ته‌نها یه‌كێكیان له‌ماڵه‌وه‌ بووه‌، باوكم پێی وتم  په‌ره‌مێزه‌كه‌ لابه‌ تۆپ ئه‌ته‌قێت، ئیتر هه‌ویره‌كه‌م داپۆشی و په‌ره‌مێزم كوژاندووه‌ كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌  سه‌یرده‌كه‌م خه‌ڵك هه‌مووی راده‌كات ئیتر چوومه‌ ژوورێكه‌وه‌ كه‌ پڕ بوو له‌ ژن و مناڵ له‌ناكاوێكدا  ده‌نگێكی به‌رز هات و یه‌ك پارچه‌ بیناكه‌ بوو به‌ دوكه‌ڵ ئیتر كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌  هه‌ر جه‌نازه‌ بوو كه‌وتبوو و ئاگر له‌ بیناكه‌ به‌ر بوو  به‌شێكمان سووتاین، دواتر ئاگركوژێنه‌وه‌ و ئه‌مبوڵانس هاتن له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ برینداره‌كانیان گواسته‌وه‌.

شه‌هیده‌كان بكرێنه‌ شه‌هیدی جینۆساید

 سه‌رجه‌م شه‌هیده‌كانی بیناسووتاوه‌كه‌ی سیروان به‌ شه‌هیدی هاووڵاتی تۆماركراون، به‌ڵام كه‌س و كاری شه‌هیده‌كان داواكاربوون بكرێنه‌ شه‌هیدی جینۆساید.

كامه‌ران مسته‌فا به‌رێوه‌به‌ری گشتی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: ئێمه‌ به‌ پێی یاسا سه‌رجه‌م شه‌هیده‌كانمان تۆمار كردووه‌، جگه‌ له‌وانه‌ی كێشه‌ی یاساییان هه‌یه‌ و وارسی یاسایان نیه‌، تۆماركردنی شه‌هیدی جینۆساید ڕێنمایی پێویست به‌ خۆی هه‌یه‌ و له‌توانای ئه‌واندا نیه‌ .

مۆنۆمێنتێك بۆ بینا سووتاوه‌كه‌ دروست كراوه‌

هێمن حه‌مه‌ حسین به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیروان له‌ لێدوانێكدا به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: له‌سه‌رده‌می مه‌حمودی حاجی ساڵح  بیناكه‌له‌ قوناغی یه‌كه‌مدا سیاجی بۆ دروستكراوه‌ و وێنه‌ی شه‌هیده‌كانی تێدا دانراوه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌ر مونۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌، ئێمه‌ له‌هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاوه‌دانی بكه‌ینه‌وه‌ و ستافی تایبه‌ت به‌ خۆی بۆ دابنێین .

رووداوه‌كه‌  یاداشت كراوه‌ له‌ كتێبێكدا

فریاد هه‌ورامی یه‌كێك له‌ كه‌س و كاری  شه‌هیده‌كان كتێبیكی تایبه‌تی ئاماده‌كردووه‌ تێیدا له‌سه‌ر زای شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه‌ رووداوه‌كه‌ی تۆماركردووه‌ .
فریاد هه‌ورامی له‌ لێدوانێكدا به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: كتێبه‌كه‌ی سه‌رجه‌م چیرۆكه‌كانی تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی تێدایه‌ و ئامانج لێی زیندوو هێشتنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و دۆكیومێنته‌كانی تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كه‌یه‌ .

وتیشی: چیرۆكه‌كان گه‌لێك جار له‌نووسینیان خستووم یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ گیان له‌ده‌ستدانی ئافره‌تێكه‌ كه‌ حه‌ملی هه‌بووه‌ و مناڵه‌كه‌شی له‌ناو سكیدا سوتاوه‌، له‌كاتی ئه‌سپه‌رده‌كردنی به‌خاكدا مناله‌كه‌یان ده‌ر هێناوه‌ و له‌ باوشیدا ناشتوویانه‌ .

خه‌ڵات به‌خشرایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌رشیفی بیناكه‌یان كۆ كردوه‌ته‌وه‌

به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان بۆ رێز گرتن له‌ماندوو بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی كه‌ سه‌رجه‌م ووێنه‌ی شه‌هیده‌كان و زانیاریه‌كانی تایبه‌ت به‌ بیناكه‌یان ئه‌رشیف كردووه‌ خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێ به‌خشین  و هیوای خواست هاوكاری به‌رده‌وامی مۆنومێنته‌كه‌ بن .

ئاماری شه‌هیده‌كنی بیناسووتاوه‌كه‌

 

له‌ رووداوی بیناسووتاوه‌كه‌ی سیرواندا به‌ پێی ئاماره‌ نافه‌رمیه‌كان نزیكه‌ی 200 هاوڵاتی شه‌هید بوون و ده‌یان هاولاتی دیكه‌ش بریندار بوون، گۆری زۆربه‌یان له‌ گورستانی به‌شاره‌ت دایه‌  و به‌شێوه‌ی گروپی نێژراون.

PUKmedia فه‌رحان حه‌مه‌خان - هه‌ڵه‌بجه‌

7/8/2019 10:23:00