په‌سه‌ندی جینۆسایدی ئێزیدی‌ و ئه‌ركه‌ بنچینه‌ییه‌كان!

مه‌لا به‌ختیار
3-8-2019، په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیارێكی مێژوویی دا، به‌وه‌ی كاره‌ساتی ئێزیدییه‌كانی وه‌كو جینۆساید، په‌سه‌ند كرد.
كاره‌ساتی وا، له‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانگیریه‌دا پێنج ساڵی ویست، سه‌ره‌ڕای هه‌زاران به‌ڵگه‌و تاوانی ئاشكرا. جاوه‌ره‌، كورده‌ هه‌میشه‌ جینۆساید كراوه‌كه‌، بیر له‌(1400) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بكه‌وه‌، كه‌ له‌و چوارده‌ سه‌ده‌یه‌دا، ئێزیدی (73) جاری تر، فه‌رمانی قه‌تڵوعامیان ده‌رچووه‌، (جگه‌ له‌ ئه‌نفالی كاكه‌یی و شه‌به‌ك و سه‌رجه‌م نه‌ژادی كورد) به‌ڵام مێژوونوسانی عه‌ره‌بی-ئیسلامی‌و مێژوونوسانی توركی-عوسمانی، مێژونوسانی فارسی-ئیسلامی، به‌چه‌واشه‌كراوی تۆماریان كردووه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ویژدانیشدا ماوه‌، هه‌ر زۆر كه‌متر بووه‌ له‌ورده‌كاری كاره‌ساته‌كان. بێگومانین، (73) فه‌رمانه‌كانی سه‌ده‌كانی له‌مه‌وبه‌ریش، به‌رامبه‌ر ئێزدیه‌كان، كاره‌ساته‌كانیان كه‌متر نه‌بوون له‌فه‌رمانی داعشه‌كان، به‌ڵكو ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كان، ئێزیدییه‌كانیان قڕ ده‌كرد، به‌حه‌ڵاڵیشیان ده‌زانی. مێدیای ئازادو ته‌نانه‌ت خوێنده‌واریش نه‌بوون، هه‌تا كاره‌ساته‌كان تۆمار بكه‌ن. تاقه‌ شایه‌ت، ئێسك‌و پروسكه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن، كه‌ دڵنیام رۆژێك دێت، به‌هۆی ئامێری پێشكه‌وتوو، ده‌ریانده‌خات، سیاسه‌تی قه‌تڵوعامی ئه‌وكاته‌، به‌چ شمشێرو رمی كول‌و ئه‌قڵییه‌تی كۆنه‌په‌رستییه‌وه‌، كورد قڕان كراوون.
ئێستا، په‌رله‌مانی كوردستان، به‌هۆی كێشه‌گه‌لی سیاسییه‌وه‌، (5) ساڵ ئه‌م بڕیاره‌ی دواخست. ده‌ستیخۆش كه‌ خولی ئێستا فریایان خست. به‌ڵام به‌نده‌، دوای بڕیاره‌كه‌، دوو ئه‌رك زۆر به‌گرنگ ده‌زانم.
یه‌كه‌میان: بڕیاره‌كه‌، وه‌كو یاسایه‌ك، له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ یاسای ئه‌نفال‌و كیمیابارانكردنی كوردستان، پێكه‌وه‌ فراكسیۆنه‌كانی كوردستان له‌به‌غداد، بیده‌نه‌ په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندی بكات‌، بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق، قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كان بكاته‌وه‌. هیوادارم، به‌هۆی ئه‌م كاره‌ساته‌وه‌، كاره‌ساته‌كانی تریش بخه‌نه‌وه‌ چوارچێوه‌ی مافی یاسایی و ساڵه‌ها دوای نه‌خه‌ن، تاكو قوربانییه‌كان، وه‌ك قوربانییه‌كانی مێژوو، دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ نه‌كرێن.
دووه‌میان: ئه‌م بڕیاره‌، هانده‌ره‌، كه‌ ستراتیژی ریشه‌كێشكردنی توندوتیژی ئایینی‌و فه‌لسه‌فه‌ دوناییه‌كانیش، له‌زهنیه‌تی كوردو ده‌وروبه‌رمان دابڕێژرێ‌‌و كاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر بكرێ‌، به‌تایبه‌تی له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌‌و خوێندنی باڵادا، ئاشكرایه‌ مه‌ترسی ترسناكی هزری توندوتیژی، هه‌تا له‌ناو كۆمه‌ڵدا بمێنێ‌، هه‌روه‌كو رووداوه‌كانی مێژوو، ئه‌گه‌ری كاره‌ساتی تریش، له‌به‌رده‌مماندا ده‌هێڵێته‌وه‌.
ده‌ستخۆشی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌م‌و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵمه‌تی په‌رله‌مانتارانین له‌به‌غدا.

6/8/2019 14:51:00