مه‌لا به‌ختیار: شۆڕشی دووه‌م له‌كوردستاندا شۆڕشی په‌روه‌رده‌ییه‌

ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی په‌روه‌رده‌یی له‌سلێمانی، سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیار، له‌سلێمانی ده‌كه‌ن‌و له‌گفتوگۆیه‌كی كراوه‌شدا، كه‌ ئێواره‌ی رۆژی  22-7-2019، به‌ڕێوه‌چوو، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی رایده‌گه‌یه‌نێت  شۆڕشی دووه‌م له‌كوردستاندا، شۆڕشی په‌روه‌رده‌ییه‌‌و ده‌بێت به‌ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌كوردستاندا بگۆڕدرێت‌و رونیشیكرده‌وه‌: كه‌لتوری زاڵ‌و ئه‌قڵییه‌تمان هێشتا كه‌لتوری پاشماوه‌كانی ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌، چونكه‌ وه‌رگۆڕانی گه‌وره‌ له‌كۆمه‌ڵدا روینه‌داوه‌و ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ژێرخانی هزرو فه‌لسه‌فی له‌لای ئێمه‌ نییه‌.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا، پاشئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی‌و مامۆستایانی په‌روه‌رده‌یی له‌سلێمانی، سه‌رنج‌و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌كانیان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی‌و چۆنێتی وه‌رگۆڕانی بنچینه‌یی له‌په‌روه‌رده‌دا خسته‌ڕوو، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیش، گه‌ڵاڵه‌كردنی تێڕوانین‌و دیده‌ زانستییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی به‌پێویست ناوبرد، له‌پێناو كاركردن بۆ گۆڕانكاریی بنچینه‌یی له‌فه‌لسه‌فه‌‌و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یداو هاوكات به‌ستنی كۆنفرانس‌و دیبه‌تی كراوه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هاوكارو پشتیوانی بێ‌، به‌پێوست‌و گرنگ ناوبرد‌و پشتیوانی خۆیشی له‌و پێناوه‌دا جه‌ختكرده‌وه‌.

PUKmedia

23/7/2019 15:39:00