مه‌لا به‌ختیار: پشتیوانی چه‌مچه‌ماڵم‌و درێغی ناكه‌م

مه‌لا به‌ختیار، پێشوازی له‌ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند، رۆشنبیر، وه‌رزشكارو ئه‌ده‌بدۆستی شاری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات‌و له‌دیدارێكیشدا به‌ئاماده‌بوونی قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ، كتێبی مێژووی شاره‌كه‌یانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

له‌دیداره‌كه‌دا رۆژی 22-7-2019، وێڕای گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌پرۆژه‌و چالاكییه‌ هونه‌ریی‌و ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماژه‌ش به‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و هاوكات گرفته‌كانی شاره‌كه‌ش كراو له‌به‌رامبه‌ریشدا، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ی قائیمقامی شاره‌كه‌و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان كردو له‌باری رووناكبیریی‌و هونه‌ریشه‌وه‌، دامه‌زراندن‌و كردنه‌وه‌ی چوار په‌یمانگه‌و زانكۆی چه‌رمووی له‌چه‌مچه‌ماڵ به‌مایه‌ی دڵخۆشی ناوبرد، كه‌ ساڵ به‌ساڵ به‌رهه‌م‌و كاریگه‌رییه‌كان رونترو زیاتر ده‌بن‌و وا ده‌كه‌ن كه‌ شاره‌كه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌شاره‌ زیندووه‌كان.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا پێگه‌ی جوگرافی چه‌مچه‌ماڵی له‌نێوان هه‌ردوو شاری كه‌ركوك‌و سلێمانی به‌گرنگ خوێنده‌وه‌و سامانی ژێر زه‌وی ده‌ڤه‌ره‌كه‌شی به‌سه‌رمایه‌یه‌كی نیشتمانی ناوبردو وتی: غازی چه‌مچه‌ماڵ، یه‌كێك له‌هه‌ره‌ باشترین كوالێتی غازی جیهانه‌.

مه‌لا به‌ختیار، له‌پێناو به‌رده‌وامی كارو پرۆژه‌ هونه‌رییه‌كانیش له‌شاره‌كه‌دا، پشتیوانی خۆی بۆ ته‌ئكیدكردنه‌وه‌و رایگه‌یاند: له‌پێناو سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی كارو چالاكییه‌كانتان، درێغی ناكه‌م‌و هاوكارو پشتیوانیشتانم.

PUKmedia

23/7/2019 15:01:00