یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌سه‌ماوه‌ هه‌ڵده‌درێته‌وه‌

به‌یانی ئه‌مڕۆ 23-7-2019 ده‌ستكرا به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ كه‌ سه‌رجه‌میان كوردن و ژن و منداڵن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ فوئاد عوسمان وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ماوه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ئاماده‌بوونی وه‌فدی تایبه‌تی وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌ی ده‌سته‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ده‌زگای شه‌هیدانی عیراق ده‌ستیانكرد به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌سه‌ماوه‌ .

وتیشی: به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌دا زیاتر له‌ 100 روفاتی تێدایه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان كوردن و ژن و منداڵن و له‌ لایه‌ن رژێمی خوێنرێژی پێشووی عیراق ده‌هه‌ق به‌میللـه‌تی كورد كراوه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌دا په‌رله‌مانتارانی عیراق و تیمه‌ بیانییه‌كان و ئاماده‌بوانی خسته‌ گریان، ئه‌وه‌ بوو كه‌ ژنێكی كورد به‌منداڵێكی ته‌مه‌ن كه‌متر له‌مانگێك له‌باوه‌شی دایكیدا زینده‌به‌چاڵ كراوه‌و روفاته‌كانیان هه‌ڵدرانه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌ چه‌ند رۆژێك ده‌خایه‌نیت و دوو گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دیكه‌ش كه‌ سه‌رجه‌میان كوردن و گه‌رمیانین له‌سنووره‌كه‌ هه‌یه‌و ئه‌وانیش هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌.


PUKmedia ديار ستار

وێنه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ماوه‌

4141.jpg

23/7/2019 10:47:00