مه‌لا به‌ختیار پێشوازی له‌نادینی كچه‌ رزگاربووی ده‌ستی داعش كرد

مه‌لا به‌ختیار، به‌ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵانی مه‌ڵبه‌ندی موسڵ، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 18-7-2019، پێشوازی له‌ (ناڤین ره‌شید ده‌روێش)، كچه‌ رزگاربووی ده‌ستی داعش كردو خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا بۆ رزگاربوونی خۆیی‌و هه‌ڤاڵه‌كانی‌و ده‌ڵێت: ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر شه‌نگال‌و میلله‌ته‌كه‌ماندا هات، كاره‌ساتێكی ئێجگار ناخۆش‌و به‌ڕاده‌یه‌كه‌ مرۆڤ هه‌موو برینه‌كانی مێژووی ده‌كوڵێته‌وه‌.

وتیشی: له‌مێژودا (72)جار‌و به‌م قه‌تڵ‌و عامه‌ی داعشیش ئه‌نجامیدا، بوو به‌(73)جار كه‌ فه‌رمان بۆ له‌ناوبردنی ئێزدییه‌كان ده‌رچووه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هێشتا ئێزدییه‌كان بوونیان ماوه‌و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی شانازیی هه‌مومانه‌‌و راشیگه‌یاند: ده‌كرێ‌ ئیتر ده‌رسێكی گه‌وره‌ له‌و كاره‌ساتانه‌ وه‌ربگرین‌و به‌ئاسوده‌یی بژین.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌كرد: بۆ ئێوه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناو كه‌سوكارتاندا، له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا‌و بگره‌ له‌ هه‌موو دنیاشدا رێز‌و خۆشه‌ویستیتان زیادیكردووه‌‌و هاوكات كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌شی له‌ناوه‌نده‌كانی جیهاندا رونكرده‌وه‌و هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد: باوه‌ڕم نییه‌ جارێكی تر ئه‌م كاره‌ساته‌ روونه‌داته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ له‌شه‌نگال، به‌ڵكو له‌شوێن‌و جێگه‌ی تر رووده‌داته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ تاوانبارن‌و هه‌تا ئێستاش هێزی مه‌زهه‌بی ئه‌وان له‌ناو كۆمه‌ڵدا بونیان ماوه‌، پێویسته‌ ره‌گ‌و ریشه‌یان هه‌ڵبكه‌ندرێت، چونكه‌ ئه‌وانه‌ خۆیان‌و په‌روه‌رده‌كه‌شیان دڕنده‌یه‌.

PUKmedia

18/7/2019 18:48:00