وەزیری خوێندنی باڵا: تەواوكاری پڕۆژەی كابینەكان دەبین

د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: میللەتەكەمان لەڕابردودا قوربانی زۆریداوە، بۆیە شایانی باشترین خزمەت و ئاوەڕلێدانەوەیە، ئەو راگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ 17ی تەموزی 2019، لەمیانەی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك لە میوانان هات كە بۆ پیرۆزبایكردن لە د.ئارام محەمەد وەك وەزیری نوێی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەردانی دیوانی وەزارەتیان كرد بوو.

لەو چوارچێوەیەداو لەسەرەتادا لە میانەی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەند گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بەهاووڵاتیان كرد.

لەو بارەیەوە، سەرەتا شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بەناوی مەڵبەند پیرۆزبایی لە د.ئارام محەمەد قادر كرد، كە وەك وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە، راشیگەیاند: كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان چاوەڕوانیەكی زۆریان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش ئەركێكی گەورەی خستۆتە سەر شانی وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هاوكاری و پشتیوانی خۆیانی بۆ سەركەوتنیان لەو ئەركە پیرۆزە دوپاتكردەوە، وتیشی چاومان لەوەیە، كە لە داهاتودا رۆڵێكی كاریگەر ببینن بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لە بەرامبەردا، د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، سوپاسی پیرۆزبایی و سەردان و بەسەركردنەوەكەیان كرد و، رایگەیاند: میللەتەكەمان لەڕابردودا قوربانی زۆریداوە، بۆیە شایانی باشترین خزمەت و ئاوەڕلێدانەوەی زۆرە، وتیشی بەهەوڵ و پشتیوانی هەمولایەك هەوڵی تەواو دەدەین بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رونیشیكردەوە چاومان لەوەیە باشتر پەرە بەكارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بدەین، چونكە مییللەتەكەمان شایەنی ئەوەیە خزمەتی باشتر بكەین، هەربۆیە درێژە بەكار و بەرنامانە دەدەین، كە لەڕابردودا بەردی بناغەیان دانراوە.

لەلایەكی دیكەوە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەجیا پێشوازی لە ژمارەیەك لە سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و، روناكبیران و لێپرسراوانی دامەزراوە حكومی و حزبیەكان و كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان كرد، لە میانەی ئەو دیدار و كۆبونەوانەشدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی برەودان بەكەرتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرا، لەو بوارەشدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە تەواوكاری كارو پڕۆژەكانی كابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبن و، درێژە بەكاروانی خزمەت دەدەن.

PUKmedia راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

17/7/2019 19:00:00