پۆلیس ده‌ستگیركردنی چوار تۆمه‌تبار راده‌گه‌یه‌نێت

پۆلیسی‌ سلێمانی ده‌ستگیركردنی چوار كه‌سی به‌ تۆمه‌تی كوشتنی هاوڵاتییه‌ك و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی راگه‌یاند.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی كه‌كۆپییه‌كی ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌ راگه‌یه‌نراوه‌، پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 12 ی 7 ی 2019، هاوڵاتی‌ (ت، م) له‌ گوندی‌ گۆمه‌زه‌لی‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی‌ بنگرد له‌ قه‌زای‌ دووكان به‌ فیشه‌ك كوژرا، ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ دووكان لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد و زانیاری‌ ورد له‌سه‌ر تۆمه‌تباران كۆكرایه‌وه‌.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، رۆژی 15 ی 7 ی 2019، تۆمه‌تبار (چ، ح، م) خۆی‌ راده‌ستی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ رزگاری‌ كرد، پاش رێكاره‌ یاساییه‌كان تۆمه‌تبار ره‌وانه‌ی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ دووكان كرا و له‌ هه‌مانكاتدا له‌لایه‌ن به‌شی‌ پۆلیسی‌ دووكانه‌وه‌ به‌ هاوكاری پۆلیسی‌ قه‌زای‌ رانیه‌ توانرا هه‌رسێ تۆمه‌تبار (ج، م، ب ) و (م، ب، پ) و (ێ، م، س) ده‌ستگیربكرێن.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌شدا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌روو، كه‌ له‌ كاتی‌ پشكنینی‌ ماڵی‌ تۆمه‌تباراندا ده‌ستبه‌سه‌ر چوار كڵاشینكۆف‌ و یه‌ك روومانه‌ و یه‌ك تاپڕ و 11 مه‌خزه‌ن‌ و 300 فیشه‌كی‌ كڵاشینكۆفدا گیرا.

له‌ئێستاشدا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 406 له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ راگیراون ‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه‌، له‌لایه‌ن به‌شی‌ پۆلیسی‌ قه‌زای‌ دووكانه‌وه‌ په‌ڕاوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

PUKmedia راگه‌یاندنی پۆلیسی سلێمانی

21.jpg

16/7/2019 13:37:00