كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌ركی داهاتوو

دوای چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، خۆشبه‌ختانه‌ به‌هه‌وڵ و هیمه‌تی (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) و لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی تری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌ی (9) پێك هات ئه‌م كاره‌ پیرۆزه‌ بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی سه‌رجه‌م چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری به‌تایبه‌تی بازرگان وكاسبكاران و پیشه‌وه‌ران ، به‌و نیاز و مه‌به‌سته‌ی پێك هێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌بێته‌ سه‌قام گیری سیاسی و ئارامی و ئاسایش كه‌ هۆكارێكی كاریگه‌ره‌ بۆ گه‌شانه‌وه‌ی بازاڕ و بازرگانی و كارو كه‌سابه‌ت. له‌هه‌مان كاتیشا هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستی عێراق و ووڵاتانی ده‌رو دراوسێ و دنیای ده‌ره‌وه‌ سه‌نگ و قورساییه‌كی نوێ ده‌داته‌ كابینه‌ی (9) و حكومه‌تی هه‌رێم و گه‌لی كوردستان به‌گشتی.
ئه‌وه‌ی پێویسته‌و له‌ئه‌ستۆی كابینه‌ی نوێ یه‌ گرنگی و بایه‌خ دانه‌ به‌بواری وه‌به‌رهێنانو به‌ره‌و پێشبردنی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بواری وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌نها بایه‌خو گرنگی دراوه‌ به‌بواری بیناسازی ئه‌م كاره‌ش  ته‌نهاو ته‌نها  كۆمه‌ڵێ سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ی دروستكرد، ڕاسته‌ له‌ڕووی جوانكاری  شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێم و سودوه‌رگرتنی ئه‌وانه‌ی بێ خانوو به‌ره‌ بوون سودی هه‌بووه‌ به‌ڵام  له‌ڕووی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ سودی نه‌بووه‌ سودی بۆ سه‌رمایه‌داران هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی بازاڕو مۆڵ و شوێنی بازرگانی.
 پێویسته‌ كابینه‌ی نوێ بێباكی كابینه‌كانی پێشوو دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌ له‌ ئاستی وه‌به‌رهێنانی ڕاست ودروست كه‌خۆی له‌بواره‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاریدا ده‌بینێته‌وه‌ ته‌نها له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین ببینه‌ هه‌رێمێكی وه‌به‌رهێنه‌ر.
پێویسته‌ به‌رنامه‌و پلانی گونجاو هه‌بێت بۆ دامه‌زراندنی به‌روبوومی كشتوكاڵی  به‌ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانیه‌وه‌ دانه‌وێڵه‌ باخداری ته‌ڕه‌كاڵ به‌روبوومی ئاژه‌ڵداری په‌له‌وه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا پێویستمان به‌ هاورده‌ی ده‌روه‌ نه‌بێت.
له‌م بواره‌دا گرنگی دان به‌بواری پیشه‌سازی و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كارگه‌و كارخانه‌كان دامه‌زراندنی كارگه‌ی گه‌وره‌و پێشكه‌وتوو ئه‌م كاره‌ش ته‌نها به‌سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆ ناكرێ به‌ ڕێگه‌خۆشكردن ده‌بێت بۆ هاتنی سه‌رمایه‌دارانی بیانی ، ده‌بێت لایه‌نی په‌یوه‌ندی داری حكومه‌تی هه‌رێم كارئاسانیان بۆبكات بۆئه‌وه‌ی له‌هه‌رێم سه‌رمایه‌گوزاری له‌بواری جۆراوجۆری پیشه‌سازی ئه‌نجام بده‌ن بۆ دامه‌زاراندنی كارگه‌و كارخانه‌ی جۆراوجۆری پێشكه‌وتوو.
 گرنگی دان به‌بواری گه‌شتیاری ئه‌ویش به‌وه‌ ده‌بێت ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كان بژینرێته‌وه‌ بایه‌خو گرنگی به‌وناوچانه‌ بدرێت خزمه‌تگوزاری ته‌واو بۆ ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كان دابین بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاری ناوخۆی و بیانی به‌ئاسنی هاتوچۆی هه‌رێم بكه‌ن بۆ ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كان بایه‌خ و گرنگی بدرێ به‌ به‌روبوومی ناوخۆی و ڕێگه‌ بگیرێ له‌ هاورده‌ركردنی ئه‌و كاڵا و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وی به‌رهه‌مه‌كانی كودستان كه‌ له‌ بواری كشتوكاڵ و پیشه‌سازی به‌رهه‌م ده‌هێنرێ  فرۆش و ڕه‌واجی هه‌بێت .
 ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نیه‌ به‌ڵكو پێویسته‌ بانكه‌كانی وه‌به‌رهێنان و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی دابمه‌زرێته‌وه‌ وه‌ بتوانرێ له‌ داهاتوودا وه‌كو ووڵاتانی پێشكه‌وتوو له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و بانكانه‌وه‌ یارمه‌تی دارایی پێشكه‌ش به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆی بكرێ به‌شێوازی قه‌رزی وه‌به‌رهێنه‌ر ڕێگه‌نه‌درێ به‌رپرسانی حكومه‌ت و حزبه‌كان ده‌ست بخه‌نه‌ كارو باری وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئازادی سیستمی سه‌رمایه‌داری ئازاد له‌ بواری وه‌به‌رهێناندا به‌ڕێوه‌به‌رن.
 پێویسته‌ به‌رنامه‌و پلان هه‌بێت بۆ ڕیكخستنی به‌ڕێوه‌چوونی هاورده‌و هه‌نارده‌كاران نه‌ك وه‌كو ئێستا به‌بێ به‌رنامه‌ كاڵای جۆراوجۆر ده‌هێنه‌ ناوه‌وه‌ به‌بێ كوالێتی به‌بێ چاودیری هه‌ر هاورده‌كارێك  به‌بێ ئه‌وه‌ی بارزرگانێكی هاورده‌كاری ڕاست و دروست بێت ناسنامه‌ی یه‌كێتی هاورده‌كاران ده‌ر ئه‌هێنێ ته‌نهاو ته‌نها بۆ بازرگانیه‌كی ناڕه‌وا نه‌یان توانیوه‌ ڕێگه‌خۆش بكه‌ن بۆ دامه‌زراندنی كارگه‌و كارخانه‌، هاتووچۆی شاندی بازرگانی له‌ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ ته‌نها بۆ په‌یداكردنی سه‌رمایه‌ی ناڕه‌وایه‌ ده‌بێت كابینه‌ی 9 ئه‌م كاره‌ به‌یاسا ڕێك بخات .


  عه‌بدوڵڵا حاجی سه‌عید
یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی
بۆ كاروباری بازرگانی و كاسبكاران


PUKmedia تایبه‌ت

16/7/2019 10:21:00