یه‌كێتی و پارتی: ته‌یب جه‌بار پارێزگاری كه‌ركوكه‌

یه‌كێتی و پارتی له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا بۆ دانانی ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار بۆ پارێزگاری كه‌ركوك رێككه‌وتنیان ئیمزاكرد.

له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان سازكرا.

سه‌ره‌تا حاكم قادر حه‌مه‌جان وتی: له‌گه‌ڵ پارتی پێكه‌وه‌ گه‌یشتونه‌تینه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و ئه‌مڕۆش له‌وچوارچێوه‌یه‌دا رێككه‌وتنێكمان ئیمزا كرد.

وتیشی: به‌هه‌وڵی خه‌ڵكی كوردستان توانیمان هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنینه‌وه‌و به‌هه‌موو تواناشمانه‌وه‌ هه‌وڵی سه‌رخستنی كاره‌كانیان ده‌ده‌ین.

پاشان مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا بڕیارماندا كه‌ كاندیدی لیستی برایه‌تی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك (ته‌یب جه‌بار) وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك دیاریی بكه‌ین.

وتیشی: هیوادارین هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركوك هاوكارو پشتیوانی ناوبراوبن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا كه‌ركوكی گردوه‌ته‌وه‌.

ژیاننامه‌ی ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار ئه‌مین

ساڵی 1954 له‌ كه‌ركوك له‌ دایكبووه‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و ئاماده‌یی له‌ كه‌ركوك ته‌واوكردوه‌
ساڵی 1976 كۆلێژی ئه‌ندازیاری به‌شی بیناسازی له‌ زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردوه‌.
ساڵی 1978 تا 1992 فه‌رمانبه‌ر بووه‌ وه‌ك ئه‌ندازیار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبانی سلێمانی

له‌ 1-8-1992تا 1-8-1997 بریكاری وه‌زاره‌تی ئه‌شغال و نیشته‌جێكردن بووه‌ له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌م و دووھه‌می حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان
كۆتای ساڵی 1997 خۆی خانه‌نشین كردوه‌.

له‌ ساڵی 1998 له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كاریكردوه‌ له‌بواری ئه‌ندازیاری
له‌ ساڵی 1970 ده‌ستی به‌ نووسین كردووه‌
خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی شیعری و كتێبی ره‌خنه‌ییه‌
چه‌ندین نوسین و كتێبی ھه‌یه‌ له‌ بواری ئه‌ندازه‌ی شارو شوێن و ئاوه‌دانی

یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان له‌ ساڵی 1992
له‌ ساڵی 1992 تا 2001 جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان بووه‌
ساڵی 2001 تا 2003 سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان بووه‌

ئه‌ندامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورده‌
ئه‌ندامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی عیراقه‌
ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی روناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوكه‌


PUKmedia تایبه‌ت

 



 


11/7/2019 11:44:00