سه‌رۆك كۆمار: خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌ھیدان ئه‌ركێكی نیشتمانییه‌

د. به‌رھه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق، دووپاتی له‌ گرنگیدان به‌ كه‌سوكاری شه‌ھیدان و قوربانیانی تیرۆرو دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و په‌له‌كردن له‌ ته‌واوكردنی داواكاری و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان كرده‌وه‌. 

د. به‌رھه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌مڕۆ 10-7-2019، له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ سه‌رۆكی ده‌زگای شه‌ھیدانی سیاسی خاتوو ناجحه‌ عه‌بدول ئه‌میر شمری.

له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك به‌رھه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ھه‌رچییه‌ك پێشكه‌ش به‌كه‌سوكاری شه‌ھیدان بكرێت به‌رامبه‌ر به‌ قه‌باره‌ی قوربانیدانیان نییه‌، ھاوكات روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی مرۆیی و نیشتمانییه‌، ھه‌روه‌ھا ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیشی ده‌ربڕی له‌ پشتیوانیكردنی ده‌زگای شه‌ھیدان، له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌یان و به‌رزكردنه‌وی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ كه‌سوكاری شه‌ھیدان و قوربانیان.
 
 ھه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا، باس له‌ ڕێكاره‌كانی ھاریكاری و یه‌كخستنی ھه‌وڵه‌كانی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌كه‌سوكاری شه‌ھیدان كرایه‌وه‌ له‌ گشت عیراقدا به‌ھه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌، ناجحه‌ شمری، كاروچالاكییه‌كانی ده‌زگای شه‌ھیدانی خسته‌ڕوو، ھاوكات ھه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك كۆماریشی له‌ ڕێنماییكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ده‌زگاكه‌یانی به‌رزنرخاند.

PUKmedia

10/7/2019 20:13:00