سه‌رۆكی حكومه‌ت و كابینه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوێند ده‌خۆن

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ مه‌سروور بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رده‌م جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا سوێندی یاسایی بخوات.

به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نوێیه‌، ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شێكی دانیشتنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، به‌ڵام له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردندا سه‌رۆك و وه‌زیره‌ ئاماده‌بووه‌كان له‌به‌رده‌م هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوێندی یاسایی ده‌خۆن، به‌و پێیه‌ی كه‌ ڤالا فه‌رید خۆی وه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم سوێند ده‌خوات و ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تی مه‌راسیمه‌كه‌ بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ PUKmedia ی ڕاگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڤالا فه‌رید وه‌ك وه‌زیر ده‌ستنیشان كراوه‌ ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ بكات، ئه‌گه‌ر سوێندی یاساییش بخوات پێده‌چێت سه‌رۆك و وه‌زیره‌كان له‌به‌رده‌م هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوێندی یاسایی بخۆن.

وتیشی: ئه‌گه‌رێكی لاواز هه‌یه‌ كه‌ ڤالا فه‌رید سوێندی یاسایی نه‌خۆات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ بكات.

ته‌نها دوو ڕۆژ له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ و ده‌بێت ڕۆژی 12-7-2019 كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنێت.

PUKmedia تایبه‌ت

10/7/2019 10:01:00