بارزانی شوێنی ئاشتی هەورامی و 7 پۆستی پڕنەکردەوە

مەسرور بارزانی ناوی ئاشتی هەورامی و حەوت پۆستی تر نانێرێتە پەرلەمانی کوردستان تاوەکوو لە کابینەی نوێدا دەنگیان لەسەر بدرێت.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشیەکانی ئێستا کە ناونیشانی بۆ دانانەوەی لە کابینەی نوێدا دەهێنرێت، لەو لیستەدا کاندید نییە کە نوسینگەی مەسروور بارزانی راسپێردراو بۆ کابینەی نوێ بڵاوی کردەوە.

ئەمڕۆ ٨-٧-٢٠١٩ نوسینگەی راسپێردراوی حکومەت ناوی ژمارەیەک کاندیدی کابینەی نوێی رەوانەی پەرلەمان کردوەو کە ٢٢ پۆست و وەزارەتە بەڵام گۆڕانکاری و تەتەڵەی نوێی تێدایە بەبەراورد بەو ناوو کاندیدانەی پێشتر لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە.

لە ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی روداودا کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم خاوەندارێتی دەکات لە راپۆرتێکدا لیستێکی بڵاوکردوەتەوە بە ناوی هەیکەلی کابینەی نوێ، کە تێیدا ٣١ کاندیدی وەزارەت و پۆستی تێدایەو جیاوازە لە ئەم لیستە نوێیەی نوسینگەی راسپێردراو کە ٢٢ پۆست و ناوە.

لە لیستی هەفتەنامەی روداو ناوی ئاشتی هەورامی وەک وەزیری سەرچاوە سروشتییەکان دانراوەتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دراوە کە یەکلا نەبوەتەوە، لە لیستەکەی راسپێردراویشدا ناوی ئاشتی هەورامی تێدا نییەو هەروەها فرسەت ئەحمەد لە جیاتی د. ڤالا فەرید بۆ وەزیری داد دانراوە.

هەروەها سەفین دزەیی لە لیستی راسپێردراودا نییە بۆ بەڕیوەبەری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە جێگەی فەلاح مستەفا.

بە گوێرەی جیاوازی نێوان هەردوو لیستەکە بە گشتی ٨ پۆست و وەزارەت لە لیستی راسپێردراوی حکومەتدا نیە کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کردوەو زۆرترینیان پشکی پارتین و تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە.

بڕیارە رۆژی چوار شەممە کابینەی نوێ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا سوێندی یاسایی بخوات و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش وەک یەکەم هێزی سیاسی بەشدار لە حکومەت کاندیدەکانی خۆی بۆ پۆست و وەزارەتەکان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا بە دەنگدان یەکلا کردەوەو ئاڕاستەی مەسرور بارزانی راسپێردراوی کابینەی نوێ کرد و رۆژێک دوای یەکێتیش بزوتنەوەی گۆڕان ناوی کاندیدەکانی خۆی بەبێ هەڵبژاردن رەوانە کرد، کە دەسەڵاتەکە لەلایەن رێکخەری گشتیەوە پیادەکرا بۆ یەکلا کردنەوە.


PUKmedia تایبەت

هەواڵی پەیوەنددار...............

لیستی ناوی کاندیدەکانی کابینەی نوێ کە لە هەفتەنامەی روداو بڵاوکراوەتەوە

3.jpg

8/7/2019 14:57:00