كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان خه‌ڵاتی رێزلێنان ده‌به‌خشێته‌ قادر عه‌زیز

كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) رێزلێنان ده‌به‌خشێته‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و قادر عه‌زیز وێڕای وه‌رگرتنی رێزلێنانه‌كه‌، په‌یامێكیش ئاراسته‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌كات.

نیوه‌ڕۆی رۆژی 6-7-2019 له‌ ریستۆرانتی گالاكسی له‌ شاری هه‌ولێر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (KNK) له‌ نیوه‌ڕۆخوانێكدا مه‌راسیمێكی بۆ رێزلێنان له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی كۆنگره‌كه‌ رێكخست، كه‌ هه‌شت كه‌سایه‌تی باشووری كوردستان بوون له‌ناویاندا كۆچكردوو مامۆستا ئیبراهیم  ئه‌حمه‌د ‌و قادر عه‌زیزو ژماره‌یه‌كی كه‌سایه‌تی تر، زریان ئه‌حمه‌د به‌نوێنه‌رایه‌تی قادر عه‌زیز خه‌ڵاتی رێزلێنانه‌كه‌ی وه‌رگرت‌و پاشانیش په‌یامه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، له‌په‌یامه‌كه‌یدا وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ووردی بارودۆخی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ی، جه‌ختی له‌گرنگی یه‌كخستنی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی‌و سیاسه‌تێكی كوردانه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی یه‌كێتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده‌سازیی بۆ ئه‌گه‌رو پێشهات‌و ته‌حه‌دییه‌كانی قۆناغه‌كه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ك كۆمه‌ڵێ تێبینیشی بۆ نه‌هێشتنی كه‌موكوڕییه‌كانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی خسته‌ڕوو.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، قادر عه‌زیز یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردستان (KNK)یه‌و كه‌ له‌ساڵی 1999 له‌ ئه‌مستردامی هۆڵه‌ندا دامه‌زراوه‌و له‌ هه‌موو وێستگه‌كانی ئه‌و چوارچێوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر به‌شداری چالاكی‌و كۆنگره‌و دانیشتنه‌كانی كردووه‌.

PUKmedia

8/7/2019 13:43:00