هێزه‌كانی حه‌فتا سوپاسی ئازاد شاڵی ده‌كات

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ سوپاسنامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی لیوا ئازاد ئیبراهیم شاڵی ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و به‌دواداچوونه‌كانی بۆ ئه‌و ئه‌ركانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ بواری فڕۆكه‌وانی و هاندانی گه‌نجان بۆ بوون به‌ فڕۆكه‌وان له‌ هێزی ئاسمانی عیراق.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئازاد شاڵی لیوای لۆجستیكی فرۆكه‌وانی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌به‌رامبه‌ر خۆبه‌خشی و هه‌وڵ و به‌دواداچوونه‌كانمان بۆ ئه‌و ئه‌ركانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ بواری فڕۆكه‌وانی، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی حه‌فتای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، سوپاسنامه‌یه‌كی پێشكه‌شكردووه‌م.
وتیشی: شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا به‌رده‌وام هاوكارمان بووه‌ بۆ هاندانی گه‌نجانی كوردستان، بۆ چوونه‌ كۆلێژی هێزی ئاسمانی عیراق و بوون به‌ فڕۆكه‌وان.
راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا راژه‌ی كورد له‌ هێزی ئاسمانی عیراقدا باشتره‌ له‌ راژه‌ی كورد له‌ سوپای عیراق دا كه‌ ئه‌وه‌ش دڵخۆشكه‌ره‌.

وتیشی: له‌ئێستادا له‌ڕێگه‌ی دابه‌شكردنی هۆشیاری ئاسمانی له‌ خوێندنگاكاندا، هه‌وڵده‌ده‌ین رێژه‌ی هۆشیاری گه‌نجان له‌بواری فڕۆكه‌وانی به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ و هانیان بده‌ین بۆ چوونه‌ ناو خوله‌كانی هێزی ئاسمانی عیراق و هێزی فڕۆكه‌وانی سوپا بۆ بوون به‌ فڕۆكه‌وان.

ئازاد شاڵی، له‌ساڵی 1944 له‌سلێمانی له‌دایك بووه‌ و له‌ساڵی 1968 په‌یوه‌ندی به‌ هێزی ئاسمانی عیراقه‌وه‌ كردووه‌، له‌ساڵی 1987 به‌ پله‌ی موقه‌ده‌م خانه‌نشین كراوه‌، له‌ساڵی 2004یشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی و خۆبه‌خشانه‌ كارده‌كات بۆ هاندانی گه‌نجان بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ هێزی فرۆكه‌وانی عیراقه‌وه‌.

هاوكات ئازاد شاڵی پێشمه‌رگه‌ی دێرین و راوێژكار و نووسه‌ری بواری سه‌ربازییه‌ و هاوكارێكی باشی ماڵپه‌ری PUKmedia یه‌.

 به‌بۆنه‌یه‌وه‌ ستافی سایتی پیوكه‌ی میدیا پیرۆزابیی لێده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازین.

PUKmedia ژینه‌ر محه‌مه‌د

6.jpg

7.jpg

8.jpg

8/7/2019 12:07:00