یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك كۆكن

به‌پێی زانیارییه‌ میدیایی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پرسی پارێزگاری كه‌ركوك رێككه‌وتون و كاندیدێكی كوردیش دیاریكراوه‌ و لایه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ری.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕ پێكراوه‌وه‌ ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌، ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار كاندیدی كورد و لیستی برایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه‌ بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی شاره‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ به‌وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن راكان جبورییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی زۆر باش له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا هاتۆته‌ ئاراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی پارێزگاری كه‌ركوك  و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ردوو هێزه‌ سیاسییه‌كه‌.

پێشتریش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی دانووستانكاری یه‌كێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا كه‌ له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چوو هه‌روو لا رایانگه‌یاند، كه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و دانانی پارێزگاری كه‌ركوك هاوته‌ریب ده‌بێت و هه‌نگاوی زۆر باش له‌وباره‌یه‌وه‌ نراوه‌.

زانیاری زیاتر...

PUKmedia تایبه‌ت

3/7/2019 14:23:00