پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ ژنانی ئێزیدی ئاماده‌ ده‌كرێت

بڕیاره‌ له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا گفتوگۆ له‌سه‌رپڕۆژه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ ژنانی ئێزیدی بكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بوونه‌ته‌وه‌.

حسێن نه‌رمو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌مڕۆ 2-7-2019، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لیژنه‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی نوێنه‌ران كۆبووه‌وه‌و توانرا ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ ژنانی ئێزیدی، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ تیرۆرستییه‌كانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی بوونه‌ته‌وه‌، ئاماده‌بكرێت، دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، گفتوگۆی ته‌واو كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كارنامه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جێگای بۆ بكرێته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.

راشیگه‌یاند: پڕۆژه‌ یاسای ژنانی ئێزیدی له‌ كارنامه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا جێگای بۆ كراوه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت، وتیشی: دواتر به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی پسپۆڕ له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌كان، تێبینییه‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داده‌رێژرێته‌وه‌.

نه‌رمو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان پشتگیری ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن و هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن، كه‌ به‌ زووترین كات تێپه‌ڕێنرێت .

PUKmedia تایبه‌ت    

2/7/2019 15:22:00