مه‌لا به‌ختیار: سلێمانی هه‌میشه‌ كاری جوان له‌ناویدا قوڵپ ده‌دات

گروپی ره‌نگ، سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی ده‌كه‌ن‌و له‌دیدارێكی كراوه‌شدا، كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 1-7-2019، به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ندامانی گروپه‌كه‌، ئاماژه‌یان بۆئه‌وه‌كرد كه‌ گروپی ره‌نگ، له‌كۆمه‌ڵێك گه‌نجی زانكۆ پێكهاتووه‌‌و ئامانج‌و ستراتیژی گروپه‌كه‌ش، پرۆژه‌یه‌كی فراوانی بواری په‌روه‌رده‌ییه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵی كوردیی‌و یه‌كه‌م هه‌نگاویشیان له‌بواری په‌روه‌رده‌یی ژینگه‌یی‌و ریسایكلیندایه‌.

رونیشیانكرده‌وه‌، تا ئێستا ریسایكلین له‌ناو سلێمانی له‌ئاستێكی كه‌مدایه‌و ده‌ستپێكی پرۆژه‌كه‌شیان له‌ناو زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌، بۆ چۆنێتی كۆكردنه‌وه‌و خۆ رزگاركردن له‌مادده‌ی پلاستیكی.

له‌لایه‌ن خۆیشییه‌وه‌، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، خۆشحاڵی به‌دروستبوونی گروپه‌كه‌و بیروبۆچوونه‌كانیان نیشاندا‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: سلێمانی هه‌میشه‌ كاری جوان له‌ناویدا قوڵپ ده‌دات‌و ئه‌م پرۆژه‌و كاره‌ی ئێوه‌ش داهێنانه‌‌و وتی: شار هه‌تا گه‌وره‌ ده‌بێت‌و كۆمپانیای زۆر ده‌بێت، ژینگه‌ی خراپ‌و هاوچۆی زۆر ده‌بێت‌و ئه‌ركه‌كانیشی قورس ده‌بێت.

وتیشی: به‌پێی به‌رنامه‌ كلاسیكییه‌كانیش كه‌ شاره‌وانی یان داووده‌زگاكانی رابردوو بۆ شاری (20، 30، 50) ساڵی له‌مه‌وبه‌ر دانراوه‌، ئه‌وا له‌ئێستادا‌و بۆ شارێكی فراوانی وه‌كو ئێستای سلێمانی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پارێزگا هه‌ر گه‌وره‌كانی كوردستان‌و دانیشتوانه‌كه‌شی له‌دانیشتوانی شاره‌كانی تری كوردستان زۆرتره‌، ناگونجێت‌و رایگه‌یاند: ئه‌م داهێنان‌و بیرۆكانه‌ی ئێوه‌، وه‌كو لاوی خه‌ڵكی سلێمانی‌و زانكۆ كه‌ خه‌میده‌خۆن، دڵخۆشمده‌كات‌و چیشم پێبكرێت له‌و پێناوه‌دا درێغی ناكه‌م. به‌تایبه‌ت كه‌ بێ‌ مووچه‌و بێ‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری خۆتان كردووه‌، بۆیه‌ شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م‌و له‌هاوكاریی‌و پشتیوانیتان به‌رده‌وام ده‌بم.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا به‌پێچه‌وانه‌ی گروپه‌كه‌ی ئێوه‌ رێكخراو‌و گروپی دیكه‌ هه‌ن، له‌حكومه‌ت‌و به‌شێكی حكومه‌ت، له‌به‌شێكی سه‌ندیكاكان پاره‌ش وه‌رده‌گرن ‌و كاریش ناكه‌ن، به‌ڵام كه‌ ئێوه‌ به‌بێ‌ پاره‌ش ئه‌مكاره‌ ده‌كه‌ن، جێگه‌ی شانازین. چونكه‌ باش ده‌زانم ئه‌وانه‌ی پاره‌ وه‌رده‌گرن، چۆن به‌بێ‌ به‌رهه‌م‌و ئه‌نجامدانی هیچ پرۆژه‌یه‌ك خه‌رجیده‌كه‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌من بكرێت درێغیتان لێناكه‌م.

PUKmedia

1/7/2019 17:37:00