یه‌كێتی و پارتی: كۆكین له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركوك

یه‌كێتی داوا ده‌كات په‌له‌ بكرێت له‌دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌شداری و هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا ده‌كات به‌ هاوته‌ریبی له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركوك.

كه‌مێك پێش ئێستا كۆبوونی لیژنه‌ی هاوبه‌شی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی كۆتاییهات.

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی یه‌كێتی و ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكار و دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری پارتی له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا باسیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی كرد.

له‌تیف شێخ عومه‌ر ڕایگه‌یاند یه‌كێتی به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ و هاوبه‌شێتی له‌ حكومه‌تدا ده‌كات كه‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی.

وتیشی: پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و دانانی پارێزگاری كه‌ركوك.

دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: ده‌بێت هه‌نگاوی كرداری بنریت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی كه‌ركوك و بۆچوونی یه‌كێتی و پارتی له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ زۆر له‌یه‌ك نزیكه‌.

وتیشی: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر هێڵن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

ئه‌ندامه‌كه‌ی وه‌فدی دانوستانكاری پارتی وتیشی: پێكهێنانی حكومه‌ت هاوته‌ریب ده‌بێت له‌گه‌ڵ دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك.

PUKmedia تایبه‌ت

1/7/2019 13:39:00