دیموکراسی بۆ ئێمەو چەک وجبەخانەش بۆ ئێوە

لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ لەشاری " گوسلار" ،ئەنجێلا مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەڵویستی خۆی لەسەر دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیاندو ووتی "دژی دروستبونی دەوڵەتێكی كوردیە لە عێراق و ئەو كارە ئاشتی ناوچەكە تێكدەدات، ووتیشی پێموانیە دروستبونی دەوڵەتێك بۆ كوردەكان خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە بكات".

ئەمە یەکەمین جارە مێرکل بەم شێوەیەو بەو ڕاشکاویەوە دژایەتی خۆی رابگەیەنێ وئاوێک بکاتە ئاشی وڵاتانی دەرودراوسێ ولەپێناوی خاوکردنەوەی گرژیەکانی لەگەڵ تورکیاو دەسەڵاتی ئاکپارتی لەلایەک وکۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی ترو بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکە لەناوبژیکردنی کێشەسەرەکیەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لێدوانی لەمجۆرەبدات، هەرچەندە لەنێوەندی سیاسی ومرۆییدا ئەو ژنە بە دیموکراسخوازو مرۆڤدۆست ناسراوەولەم بوارانەشدا چەندان خەڵاتی جیهانی پێبەخشراوە، بەڵام ڕواڵەتی سەرکردەسیاسیەکانی پارتە سەرمایەداری وپارێزگارەکان هەروایە،هاوشێوەی "دۆناڵد ترەمپ وتیرازا مەی" لەپێناوی بەرژەوەندی وسەرمایەی وڵاتانیان هەموو کارێکی دژ بە گەل و وڵاتانی دونیا دەکەن و گوێ نادەنە ویست وخەون وئامانجی ئەو گەلانەی کە سەدان ساڵە لەپێناوی ئازادی ودیموکراسی وسەربەخۆیی تێدەکۆشن.

سیاسەتی نێودەوڵەتی مێرکل وحکومەت وپارتەکەی لەسەر بنچینەی بەرژوەندی وسەوداسەری بازرگانی وقازانجی دارایی دامەزراوەونمونەی ئەمەش لەمبارەیەوە گەلی زۆرن، دۆستایەتیکردنیان لەگەڵ ڕژێمی پادشایەتی سعودیەو عەبدولفەتاح سیسی میسر وپیشتریش لەگەڵ مورسی و زۆرێک لە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە ئەوەمان پی دەڵێت کە ئەوان دیموکراسیەتیان بۆ ئێمە پێ ڕەوا نیە وپێیان خۆش نیە ناوچەکەمان ئارام وئاسودەبێ وگەلان لەژێر چەتری دیموکراسیەتدا بحەسێنەوە، ئەگینا ئەگەر ئێوە خۆتان بە دیموکراسخوازو ئاشتپارێز دەزانن بۆچی لەپێناوی بەرژوەندیەکانتان لەگەڵ دەرودراوسێی کورد هەستی چل ملیۆن کورد بریندار دەکەن؟  بۆچی داکۆکی لەگەلانی وەک ئەفغان ، تورک ،ئەرمەن ،ئازەری وگەلانی تر دەکەن وباربۆی لۆجێستی وهەماهەنگی سیاسیان دەکەن ؟ بۆچی بۆکوردو نەتەوەکەی دەبێت تەنها ناردنی چەکی میلانمان پێ ڕەوا ببینن؟ 

دژایەتی مێرکل بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان لەخۆڕانیە بەڵکو لەچوارچێوەی سیاسەتی زۆرینەی ئەوپارتانەدێت کەئێستا لەسەر ئاستی ئەوروپا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، سیاسەتمەدارانی خۆشمان درک بەوەدەکەن ،سازدان وپەلەکردن لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی تر ئەودژایەتیەی تۆخترکردەوە، بۆیە پێناچێت ئەو پارتانە لە قۆناغێکی وانزیکدا بڕوابەو پرسەمان بێنن وگرێبەستە زەبەلاحەکانی چەکو جبەخانەکانیان بکەنە قوربانی پرسی کورد ، بۆیەدەبێ چاوەڕێی دەسەڵاتی پارتە چەپ وسەوزو لیبرالەکان بکەین تا حوکمی ئەو وڵاتانە دەگرنە ئەستۆ، چونکەهەرچەندە مێرکل وحکومەت وپارتەکەی" پارتی دیموکراتی کریستیان" بۆ ناوخۆی ئەڵمانیا سەقافڵەی پیادەکردنی ئازادی ودیموکراسین ولەسەر ئاستی جیهانیش کار بۆ فراوانکردنی دەکەن، بەڵام بۆ کوردلە مەشقپێکردنی چەند پێشمەرەیەک وناردنی چەکی میلان تێناپەڕێ ، تێکچڕژانی وەزعی سیاسی ناوچەکەمان وشەڕو شۆر لەبەرژەوەندی و فرۆشتنی چەک وهاوردەی نەوت وکۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سامانە بۆ وڵاتەکانیان.

بورهان ئەمین /ئەڵمانیا

 

 

 

22/6/2019 11:17:00