حیكمه‌تى ئیلاهى

حیكمه‌تى ئیلاهى

ـ ئه‌و قۆڕه‌قۆڕه‌ چى یه‌ كوڕم عه‌یبه‌!
× به‌ده‌ست خۆم نى یه‌ به‌گم. چى بكه‌م برسیمه‌!!
ـ ده‌بڕۆ كولێره‌یه‌ك بكڕه‌ و بیخۆ.
× چۆن شتى وا ئه‌كه‌م ئوستاز.. نیوه‌ڕۆ یاپراخمان هه‌یه‌ له‌كیسى خۆمى ناده‌م.. به‌س توخوا عه‌زێت نه‌بێ سوئالێ.....
ـ تاقه‌تى سیاسه‌ت و شتم نى یه‌ واز بێنه‌.
× له‌سه‌ر سیاسه‌ت نى یه‌ قوربان..له‌سه‌ر قۆڕه‌یه‌.
ـ جا رۆڵه‌ گیان شت هه‌یه‌ له‌ سیاسه‌ت قۆڕ تر؟!!
× قۆڕ نا گه‌وره‌م.. قۆڕه‌.
ـ ئێ ئێ.. یه‌عنى وه‌كو قۆڕه‌ى سك.
× ده‌مخۆش.. ئه‌ڵێم ئه‌وه‌ بۆچى مێشكیش خوا وه‌كو مه‌عیده‌ خه‌ڵقى نه‌كردووه‌؟
ـ مه‌به‌ستت چى یه‌؟ تێ ناگه‌م.
× عه‌رزت ئه‌كه‌م ئه‌ڵێم بۆچى مه‌عیده‌ كه‌ به‌تاڵ ئه‌بێ ئه‌كه‌وێته‌ قۆڕه‌قۆڕ؟ كه‌چى مێشك وانى یه‌!
ـ ئه‌وه‌ حیكمه‌تى ئیلاهى یه‌ كوڕى خۆم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابوایه‌ قۆڕه‌ى مێشكمان ئه‌گه‌یشته‌ كه‌شكه‌لانى فه‌له‌ك.
× ئه‌ى ئافه‌رم به‌گم وه‌ڵـڵاهى من ئه‌قڵم به‌وه‌ نه‌شكا..ئه‌شهه‌دوبیلـلا هه‌قى خۆیه‌تى ببیت به‌ سه‌رگه‌وره‌ى هه‌موو لایه‌ك .. ماشه‌ڵـڵا له‌و هه‌موو حیكمه‌ت و زیره‌كى یه‌.. نازانم بۆ ناتكه‌ن به‌ گه‌وره‌ى گه‌وره‌كان!!
ـ حه‌ز ئه‌كه‌ى بمكه‌ن؟
× ئه‌رێ وه‌ڵـڵا.
ـ بۆچى حه‌ز ئه‌كه‌ى؟
× بۆ ئه‌وه‌ى بێم له‌ دواته‌وه‌ ره‌سم بگرم.

17/6/2019 14:20:00