لەدهۆك تەرمی دلین بەخاكسپێردرا

لەشاری دهۆك تەرمی دلین بەخاكسپێردراو كەسوكارەكەشی دەڵێن بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران چاوەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن و دەبێت سزای لەسێدارەیان بۆ دەربچێت. 

لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لەشاری دهۆك منداڵێك بەناوی دلین وەلیدی تەمەن 10 ساڵان لەلایەن كەسێكەوە دەبرێت و هەوڵدەدات دەستدرێژی بكاتەسەری، بەڵام بەهۆی هاواركردنی كچەكەوە، تاوانبارەكە كچەكە بەدار دەكوژێت و دوای چەند رۆژێك لەدیارنەمانی رۆژی 9ی ئەم مانگە تەرمی دلین دۆرزرایەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی دهۆكیش، ئەو تۆمەتبارەی بەتاوانی كوشتنی دلین وەلیدی تەمەن 10 ساڵان دەستگیركراوەو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە، پێشتر بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی خوشكێكی دەستگیركراوە، بەڵام دواتر بەلێبوردنی گشتی ئازاد كراوە.

كەسوكاری دلین دوای دۆزینەوەی تەرمی كچەكەیان، رایانگەیاند تا تاوانبارانی كوشتنی كچەكەیان لەبەرچاویان لەسێدارە نەدرێن و سزای خۆیان وەرنەگرن تەرمەكەی بەخاكناسپێردن و پرسەی دانانێن، بۆ فشارخستنە لەسەر لایەنی پەیوەندیدارو بەسزاگەیاندنی تاوانبارانیش سێ جاریش لەناو شاری دهۆك و بەردەم دادگاو بینای پارێزگای شارەكە خۆپیشاندانیان كرد.

پەیامنێرمان پێی راگەیاندین پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانی 2019، دوای رادەستكردنەوەی تەرمی دیلینی تەمەن 10 ساڵان لەلایەن پزیكشی دادوەری دهۆكەوە بەكەسوكارەكەی، لەگۆڕستانی شاخكێی پارێزگای دهۆك تەرمی دلین بەخاكسپێردراو بڕیاریشە سبەینێ پرسەی بۆ دابنرێت.

باسی لەوەشكرد كە پزیشكی دادوەری دهۆك ئەنجامی راپۆرتی توێكاری خۆی لەبارەی كوشتنی دلینەوە پێشكەشی دادگای دهۆك كردوە، بەڵام هیچ دانیشتنێكی دادگا لەبارەی دۆسیەكەوە بەڕێوە نەچووەو چاوەڕوان دەكرێت لەرۆژانی داهاتوودا دادگا كاتی دانیشتنی دۆسیەكە دیاری بكات.

 PUKmedia تایبەت  

12/6/2019 16:53:00