پۆلیس: بەناوی ئاسایشەوە لەهەولێر هەڵدەكوترێتە سەر خەڵك

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوی كوشتنەكەی دوێنێوە دڵنیایی دەداتە خەڵكی هەولێرو دەڵێت شار ئارامە، راشیدەگەیەنێت: بەناوی ئاسایشەوە بەزەبری چەك و ئۆتۆمبێلی ژمارە ساختە هەڵكوتراوەتە سەر خەڵك.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ لەڕێگەی موسڵ- هەولێر كە بە فلكەی باز ناسراوە دوای پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێل كەسێك كوژراو هێزەكانمان توانیان بكوژەكە كە ناوی (م..ع)ەو دانیشتوی سێبیرانە دەستگیربكەن.

ئەوەش دەڵێت: دوو كەسی دیكەیان بەناوەكانی  (ا.س.ع) و (ا.ج.س) دەستگیركردوە كە خەڵكی هەولێرن و بەناوی ئاسایشەوە خۆیان ناساندوەو چونەتە سەر خەڵك و رێگریانكردوەو ناسنامەیان لەخەڵك وەرگرتوەو چەندین تاوانیان ئەنجامداوە.  

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: ئەو كەسانە چەندین چەك و مۆبایل و ژمارەی ئۆتۆمبێلی ساختیان پێبووەو لەكارەكانیاندا بەكاریان هێناوەو دۆسیەكانیان رەوانەی دادگا دەكەن تا بڕیار لەبارەی تاوانەكەیانەوە بدرێت.

 PUKmedia تایبەت 

12/6/2019 15:52:00