سلێمانی..كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت

حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ سنووری شاری سلێمانی ناوی بێكاران تۆمار ده‌كه‌ن و هه‌لی كاریان بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌، ناوتۆماركردنیش ته‌نها (6) رۆژ ده‌بێت‌. قائیمقامی سلێمانیش ئاماده‌یی ده‌برِی له‌ رووی دابینكردنی شوێن و پاراستنی لایه‌نی ئه‌منییه‌وه‌ هاوكاری پرۆسه‌كه‌ بكان.

دیار حه‌مید- نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی كاری سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند: به‌رنامه‌ و پلانێكی فراوان له‌ نیوان وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ی ئه‌ڵمانی دارێژراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی به‌ ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌نه‌وه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكرێت كه‌ بێكارن به‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌وه‌، به‌ خوێنه‌وار و نه‌خوێنه‌واره‌وه‌، به‌ مه‌رجێك ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (18-60) ساڵیدا بێت و فه‌رمانبه‌ر نه‌بێت.

وتیشی: له‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ (13/6/2019)وه‌ له‌ سنوری شاری سلێمانی ناو تۆماركردن ده‌ست پێده‌كات و رۆژی (13 و 16)ی مانگ له‌ ناو ته‌لاری هونه‌ر ده‌بێت و رۆژانی (17،18،19،20) ناونوسین له‌ ناو پاركی ئازادی ده‌بێت، لایه‌نی ئه‌منی و دابینكردنی شوێنیش بۆ به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌و چه‌ند رۆژه‌دا له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌تی سلێمانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ دابین كراوه‌.

نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ دوای تۆماركردنی ناوه‌كان به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری وردبینی ته‌واویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (جی ئای زێت)ه و پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر هه‌وڵ ده‌درێت هه‌لی كار بۆ ئه‌و بێكارانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌لی كاریان بۆ دابین بكرێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ تۆماركردن بێ به‌رامبه‌ره‌ و بۆ هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كاتی خۆیدا به‌هۆی نه‌خۆشی و گه‌شته‌وه‌ ناویان تۆمار بكه‌ن، ده‌توانن له‌گه‌ڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆمار بكه‌ن، هه‌ركه‌سێكیش دووباره‌ ناوی تۆمار بكات راسته‌وخۆ هه‌ردوو ناوه‌كه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ لاده‌برێت.

PUKmedia رِاگه‌یاندنی قائیمقامییه‌تی سلێمانی

12/6/2019 12:25:00