تره‌مپ به‌مه‌رج سزاكانی سه‌ر هواوی لاده‌بات

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی بازرگانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چین ڕێككه‌وێت، ئه‌وا سزاكانی سه‌ر هواوی لاده‌بات.

 ستیڤن منوتشین وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه‌،  له‌وانه‌یه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، سزاكانی سه‌ر هواوی سوكتر بكات یان لایبه‌رێت  ئه‌گه‌ر له‌ رووی بازرگانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چین بگاته‌ رێككه‌وتن و ئه‌گه‌ریش وانه‌بێت،  ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سه‌پاندنی سزا و باجی زیاتر بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بازرگانی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، بابه‌تی سزاكانی سه‌ر هواوی په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا گره‌نتی ته‌واو له‌ چین وه‌ربگرێت ئه‌وا له‌و باره‌وه‌ ئاسانكاری ده‌كات.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا ئه‌مریكا چه‌ندین باج و گومرگی نوێی به‌سه‌ر كاڵا چینییه‌كاندا سه‌پاند بۆ رێككردنه‌وه‌ی جیاوازی ته‌رازووی بازرگانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و سزاكانی كۆمپانیای هواویش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

10/6/2019 10:31:00