سودان هه‌مان وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌

هه‌موو جارێك دیموكراسییه‌كه‌ ده‌یسه‌لمێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌ك پاكێجه‌ و دابه‌ش نابێت. ئه‌وه‌ نایخوات كه‌ گوڵبژێری بكه‌یت و لێی هه‌ڵبژێری، یه‌ك پاكێجه‌ و نابێ به‌ دوو. ده‌شێ قۆناغبه‌ند بكرێت، به‌ڵام گوڵبژێر و دڕك بژێر له‌ پرسی چاره‌نووسسازی دیموكراسی ناكرێت. وا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ وڵاتی دوور، له‌ سودانی دوای راماڵینی عومه‌ر به‌شیر، ئه‌م وانه‌یه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و كرۆكی ململانێی نێوان عه‌سكه‌ر و جه‌ماوه‌ر پێكدێنێت.

راسته‌ سودان دووره‌، به‌ڵام سودان و كوردستانیش به‌شێكن له‌و جیهانه‌ پانوبه‌رینه‌ی جیهانی سێیه‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی، (كوردستان)ی میقداد میدحه‌ت به‌درخان-دا، ناوی هاتووه‌.

به‌درخان له‌ ژماره‌ یه‌كی، 22ی نیسانی ساڵی 1898-دا وه‌عدی دابوو له‌سه‌ر شه‌ڕی سودان بنووسێ، ژماره‌ی دووش گوزارشتێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ دابوو. ده‌ با له‌ (كوردستانی نوێ) ئه‌وی (كوردستان)ی دێرین له‌سه‌ر سودان، ته‌واو بكه‌ین.

یه‌ك له‌ كه‌موكوڕییه‌كانی (به‌هاری عه‌ره‌بی) له‌ خولی یه‌كه‌می به‌هاره‌كه‌ (له‌ ساڵی 2011) و له‌ خولی ئێستاش، ئه‌وه‌یه‌ ته‌كلیفی خۆی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌كان و گروپه‌ ئه‌تنیكییه‌كان هه‌ر رۆشن نه‌كرده‌وه‌. به‌هاری سوریا تائێستا خۆشی به‌ نه‌ورۆزی كورد له‌ رۆژئاڤا نایه‌ و ئه‌و هه‌موو گۆڕانه‌ی له‌ رژێمه‌كانی ناوچه‌كه‌ قه‌وماون، هێشتا روون نییه‌ له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان چی ده‌ڵێن؟.

له‌م رۆژانه‌دا خه‌به‌ر له‌ سودانه‌وه‌ هات، ئه‌و هێزانه‌ی هاوپه‌یمانیی عه‌سكه‌رن له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌ی گه‌لی سودان، هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ن كه‌ جاشی عومه‌ر به‌شیر بوون له‌ سه‌ركوتكردنی گه‌لی دارفۆر له‌ باكووری سودان، واته‌ هه‌ر هێزه‌كانی جه‌نجه‌ویدن.

دارفۆرییه‌كان ئه‌و پێكهاته‌ موسڵمانه‌ی هه‌رێمێكی سودانن كه‌ نه‌ عه‌ره‌بن تا وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌سه‌ریان بێنه‌ جواب، نه‌ مه‌سیحیی جنوبی سودانیشن كه‌ دنیای رۆژئاوا هه‌فته‌یه‌ك پێش به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ سودانی (دایك) جیایان كردنه‌وه‌ و له‌ راپرسیدا ده‌وڵه‌تیان بۆ مسۆگه‌ر كردن.

هۆزه‌كانی جه‌نجه‌وید وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رچوون و كه‌س له‌سه‌ر جینۆسایدی دارفۆر له‌ گوڵ كاڵتری پێنه‌وتن. وا ئێستا له‌ سودانی راپه‌ڕیودا ئه‌ركی نوێی پێده‌سپێردرێت. ئه‌وی به‌شداربوو له‌ سه‌ركوتی بنده‌سته‌كان، هه‌ر ئه‌ویشه‌ ئێستا به‌شدار ده‌بێت له‌ سه‌ركوتی دیموكراسیدا!

ئه‌زموونه‌كه‌ له‌ سودانه‌وه‌ هه‌مان وانه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. دیموكراسی دابه‌ش ناكرێت، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌كان و دیموكراسیخوازان هه‌ر چه‌وساوه‌ی ده‌ستی یه‌ك عه‌سكه‌ر و یه‌ك جه‌نجه‌ویدن.

نڤیسكار


PUKmedia  کوردستانی نوێ

9/6/2019 13:31:00