9ی حوزه‌یران.. رۆژێكی ره‌ش له‌مێژووی سلێمانی

له‌ 9ی حوزه‌یرانی ساڵی 1963 له‌حامیه‌ی سلێمانی ، له‌سه‌ر ده‌ستی فیرقه‌ی یه‌كی سوپای عیراق و به‌سه‌رپه‌رشتیی زه‌عیم سدیقی خوێنڕێژ، چه‌ندین گه‌نج و پیاوی سلێمانی زینده‌به‌چاڵ و بێسه‌روشوێن كران و هه‌زارانیش ره‌وانه‌ی زیندانه‌كان كران.

تراژیدیای 9 ی حوزه‌یرانی ساڵی 1963 له‌ ویژدانی هاووڵاتیانی كوردستان به‌گشتی و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی به‌زیندووی ماوه‌ته‌وه‌و 56 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا سوپای عیراق تاوانێكی دیكه‌ی دژ به‌مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامدا و له‌ره‌شبگیریه‌كی بێ وێنه‌دا سه‌دان هاووڵاتی ده‌ستگیر كران و ئه‌شكه‌نجه‌دران و ده‌یان هاووڵاتی له‌حامییه‌ سلێمانی زینده‌ به‌چاڵ و شه‌هیدكران، ئه‌م كاره‌ساته‌ بووه‌ وانه‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌قوربانیدان و فیداكاری له‌پێناو كوردو خاكی پیرۆزی كوردستان .

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی-ش له‌نوسینێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كاتێك شه‌ڕ له‌نێوان رژێمی به‌عس و شۆڕش به‌رپاكرایه‌وه‌، سوپای عیراق یه‌كێك له‌دڕنده‌ترین ئه‌فسه‌ره‌كانیان به‌ناوی (زه‌عیم سدیق) نارده‌ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌كوشتن و تیرۆر شاره‌كه‌ بترسێنێت.
له‌م رۆژه‌دا (حاجی باقی) شه‌هید ده‌كات و (82) هاووڵاتی ده‌ستگیر ده‌كرێن، هه‌موویان له‌گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا له‌ناو (حامیه‌) كه‌ ئێستا كراوه‌ به‌پاركی ئازادی، زینده‌ به‌چاڵ ده‌كه‌ن. ئه‌م رۆژه‌، رۆژێكی ره‌شه‌ له‌مێژووی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتراكی و حه‌ره‌س قه‌ومییه‌ به‌دناوه‌كه‌یان. شاری سلێمانیش، نه‌ك كۆڵی نه‌دا، به‌ڵكو قاره‌مانانه‌تر درێژه‌ی به‌فیداكاری دا.

كاتێكیش یه‌كێتی ده‌ستی كرده‌وه‌ به‌شۆڕش، بڕیاری دا (زه‌عیم سدیق) له‌ناوببرێت هه‌تا بۆ مێژوو بزانرێت كوردكوژه‌كان هه‌ر به‌سزای كورد ده‌گه‌ن.
 له‌سلێمانی ساڵانی (1976-1977) ده‌ستمان به‌سزادانی خائینانی ناوشار كرد (عومه‌ر گورچیله‌، ساڵح عانی، عه‌بدولمه‌جید عه‌بدولسه‌مه‌د، لێدانی پارێزگاری سلێمانی).

هه‌ر له‌ نوسینه‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، ساڵی (1976) شه‌هید سه‌لمان داوود راسپێردرا، ماڵی زه‌عیم سدیق بدۆزێته‌وه‌. دۆزییه‌وه‌و ئه‌وكاته‌ ئیفلیج بوو، له‌به‌رده‌گا له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌، زه‌لیل زه‌لیل داده‌نیشت، به‌داخه‌وه‌ ملازم جوامێر و شه‌هید سه‌لمان و سه‌لام عه‌بدولڕه‌زاق و هاوڕێكانیان، وه‌كو پێشه‌نگی جه‌زره‌به‌وه‌شێن، دوای به‌سزاگه‌یاندنی عوسمان محه‌مه‌د فایه‌ق له‌به‌غدا گیران.

ساڵی (1979) دیسان پێشمه‌رگه‌ی ناو شاری كۆمه‌ڵه‌ راسپێردرایه‌وه‌، تاقیبی زه‌عیمی خوێنڕێژ بكاته‌وه‌، ماڵه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌، به‌ڵام به‌سزای خودا به‌ڕه‌زیلی مردبوو.

ساڵانه‌ له‌شاری سلێمانی یادی ئه‌و رۆژه‌ره‌شه‌ ده‌كرێته‌وه‌و چه‌پكه‌ گوڵی وه‌فا له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدان داده‌نرێت.

 


PUKmedia تایبه‌ت

1110000.jpg

9/6/2019 12:32:00