زوبێر عوسمان: باسنیوز ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵامه‌كه‌میان شێواندوه‌

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی هه‌واڵێكی باسنیوز ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌..
رۆژی 3-6-2019 له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامێنری باس نیوز كه‌ راتان چیه‌ له‌سه‌ر بڕیاری یه‌كلایه‌نه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی بۆ راگرتنی شه‌ڕی راگه‌یاندن و ئه‌و بڕیاره‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
به‌داخه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی وه‌ڵامه‌كه‌میان شێواندوه‌و به‌و شێوازه‌ی كه‌ خۆیان مه‌به‌ستیان بووه‌ ئه‌مڕۆ 8-6-2019 بڵاویان كردوه‌ته‌وه‌، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌یانم داوه‌ته‌وه‌:
یه‌كێتی شه‌ڕی راگه‌یاندنی نه‌كردوه‌ به‌ڵكو پارتی ده‌ستیپێكردوه‌ ئه‌ركی كاك مه‌سعود بارزانیه‌ شه‌ڕی راگه‌یاندن رابگرێ و بڕیارێكی زۆر باشی داوه‌، كاك مه‌سعود به‌رپرسیارێتی زۆری كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر شان و رابردووش گه‌واهیده‌ری راستیه‌كانه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنی دژ به‌یه‌ك ئاڵۆزی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ ، شه‌ڕ كاره‌ساته‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و ئاشته‌وایی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن.
به‌ حه‌كیمی جه‌نابی مام جه‌لال و ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود توانرا ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ به‌دیبهێنن هه‌ر بۆیه‌ پێشنیار ده‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی به‌سه‌رپه‌ره‌شتی جه‌نابی كاك كۆسره‌ت جێگری سكرتێری گشتی و كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی ئه‌نجام بدرێت بۆ كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و له‌به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلله‌ته‌كه‌مان كاربكه‌ین به‌ یه‌كریزی و یه‌كگرتووی ده‌توانین مافی زیاتر بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌ده‌ستبهێنین، وه‌ پارتی ده‌بێ ئه‌و راستیه‌ بزانێت كه‌ پارێزگاری كه‌ركوك پشكی یه‌كێتیه‌ و یه‌كێتیی به‌دڵی خۆی ده‌بێ پارێزگار دابنێ و له‌وباره‌شه‌وه‌ ده‌بێ پارتی نه‌رمی بنوێنێ.


زوبێر عوسمان
جێگری یه‌كه‌می سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی
8-6-2019

PUKmedia تایبه‌ت

8/6/2019 18:27:00