ئه‌مریكا دوا مۆڵه‌ت ده‌داته‌ توركیا

واشنتۆن له‌باره‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ كڕینی سیستمی به‌رگریی مووشه‌كی ئێس 400ی روسی دوا مۆڵه‌ت ده‌داته‌ ئه‌نكه‌ره‌و سه‌رجه‌م مه‌شقی فڕۆكه‌وانه‌ توركه‌كانیشی له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی جه‌نگی F-35 هه‌ڵپه‌سارد.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن) گرێبه‌سته‌كانی كڕینی فڕۆكه‌ی F-35 ی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ كڕینی سیستمی به‌رگریی مووشه‌كی ئێس  400ی روسیا، هاوكات رۆژی 31 ی ته‌مووزی وه‌ك دوا مۆڵه‌ت بۆ توركیا ده‌ستنیشان كردووه‌ هه‌تا ده‌ستبه‌رداری كڕینی سیستمی ئێس  400 ببێت، ئه‌مه‌ش دوای چه‌ند سه‌عاتێك له‌وه‌ی له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ راگه‌یه‌ندرابوو له‌ ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا روسیا مووشه‌كه‌كان راده‌ستی توركیا ده‌كات.

پاتریك شاناهان وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا به‌ وه‌كاله‌ت له‌ نامه‌یه‌كی هۆشداریدا كه‌ بۆ لێپرسراوانی ئه‌نقه‌ره‌ی ناردووه‌ رایگه‌یاندووه‌: ئه‌گه‌ر توركیا له‌م هه‌نگاوه‌ پاشگه‌زنه‌بێته‌وه‌، ئه‌وا سه‌رجه‌م فڕۆكه‌وانه‌ توركه‌كان كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ئه‌مریكا مه‌شق له‌سه‌ر پڕۆگرامی فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-35 ده‌كه‌ن، ده‌بێت له‌ واده‌یدیاریكراوی خۆیدا وڵاته‌كه‌ جێبهێڵن.

شاناهان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "مه‌شقی نوێ له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی F-35 ئه‌نجامنادرێت و ناوی 34 خوێندكاری تریش له‌ خشته‌ی مه‌شقه‌كان  ئه‌م ساڵدایه‌.

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا به‌ وه‌كاله‌ت له‌ نامه‌كه‌یدا هۆشداری داوه‌ته‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزا له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌، له‌ نامه‌كه‌یدا هاتووه‌: " خواستێك ھه‌یه‌ له‌ كۆنگرێس له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی كۆماری و دیموكراته‌كان، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنانی ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنرێت".

له‌ به‌شێكی تری نامه‌كه‌یدا، شاناهان هۆشداری داوه‌ته‌ ئه‌نكه‌ره‌، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ په‌یماننامه‌ی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و ده‌شبێته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ ئابووریی توركیا و هانده‌رێكیش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ سه‌رووی پێویسته‌وه‌ پشت به‌ مۆسكۆ ببه‌ستێت.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

8/6/2019 16:39:00