وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا گه‌یشته‌ به‌غدا

ئه‌مڕۆ 8-6-2019، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ تاووتوێكردنی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا.

ھایكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غداو چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌ھدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و لێپرسراوانی تری عیراق كۆببێته‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌ردوو وڵات و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا تاوتوێبكه‌ن. 

سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ عیراق ھاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانی كاربه‌ده‌ستانی وڵاتانی تری جیھان بۆ عێراق، ئه‌ویش له‌ گه‌رمه‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا.

له‌ به‌رده‌وامیی ھه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كاندا بۆ ھێوركردنه‌وه‌ی  گرژییه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا، ئه‌ڵمانیا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی كردووه‌ و بڕیاریشه‌ ھایكۆ ماس سه‌ردانی تاران بكات و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێران وتووێژ بكات. 

له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و سه‌ردانه‌شیدا بۆ به‌غدا، ھایكۆ ماس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوانیانی  تاووتوێكردووه‌.

PUKmedia میدیاكانی عیراق

8/6/2019 15:59:00