سه‌رۆك كۆمار: یه‌كێتی رێچكه‌ شكێنه‌

سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌بۆنه‌ی یادی 44 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ په‌یامێی پیرۆزبایی  بڵاوكرده‌وه‌.


بروسكه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ بۆنه‌ی ٤٤ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

 له‌ یادی ٤٤ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم پێشكه‌ش به‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و كه‌مئه‌ندامان و ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی،  ئه‌و هێزه‌ تێكۆشه‌ر و رێچكه‌ شكێنه‌ی خه‌بات و تێكۆشان ده‌كه‌م  كه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی تاریكدا به‌گژ  زوڵم و دیكتاتۆریه‌تدا چووه‌وه‌ و له‌ بێ ئومێدی نه‌ك هه‌ر ئومێد، بگره‌ پڕۆژه‌ی هه‌ستانه‌وه‌و گۆڕانكاری به‌رهه‌مهێنا.


شوێنده‌ستی ی ن ك به‌ رابه‌رایه‌تی جه‌نابی مام جه‌لال، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی تر له‌ قۆناغی خه‌باتی شاخ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سته‌می رژێمی دیكتاتۆری به‌عس و به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌ریه‌ به‌ راپه‌ڕین و پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌كی و دیارو به‌رچاوه‌.


دواتریش هه‌ر به‌ رابه‌رایه‌تی مام جه‌لال یه‌كێتی توانی رۆڵی پێشه‌نگ و شایسته‌ی خۆی ببینێ له‌ زه‌مینه‌ خۆشكردن و دواتریش روخاندنی ئه‌و رژێمه‌ دڕنده‌یه‌ی هیچ تاوانێكی قێزه‌ون نه‌ما دژی گه‌لی كوردستان و ته‌واوی گه‌لانی عیراق ئه‌نجامی نه‌دات. 


 بۆیه‌ له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا یه‌كێتیه‌كان مافی خۆیانه‌ شانازی به‌ خه‌بات و داهێنان و میراتی شۆرشگێرانه‌ی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ی رابردوو، به‌رپرسیارێتی قۆناغی ئێستاو داهاتوویان قورستر ده‌كات كه‌ به‌ هه‌مان نه‌فه‌س و بگره‌ شێلگیرانه‌تر كار بكه‌ن بۆ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵك و به‌رقه‌راركردنی عه‌داله‌ت و پته‌وكردنی ده‌سكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كان و ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌كانی تر. 


د. به‌رهه‌م ساڵح

سه‌رۆك كۆماری عێراق

به‌غدا

1-6-2019

PUKmedia   تایبه‌ت 

1/6/2019 23:38:00