خاتوو شاناز سه‌ردانی ئارامگای شازاد سائب ده‌كات

ئه‌مڕۆ 21-5-2019 له‌ گردی مامه‌یاره‌ی شاری سلێمانی خاتوو شاناز برایم ئه‌حمه‌د سه‌ردانی ئارامگه‌ی هاوڕێی دێرین و تێكۆشه‌رو خه‌باتگێری ماندوونه‌ناسی ڕێگای كوردایه‌تی شازاد سائب كردو چه‌پكه‌ گوڵی ڕێزو وه‌فاو خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر گڵكۆی دانا.

تێكۆشه‌ری دێرین شازاد سائب ساڵی 1946 له‌ شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌و هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ له‌سه‌ر نیشتمانپه‌روه‌ری په‌روه‌رده‌ بووه‌و گۆشكراوه‌.

له‌ قۆناغی ناوه‌ندییه‌وه‌ تێكه‌ڵاوی كاروانی كوردایه‌تی بووه‌و له‌ ریزی بزاڤی قوتابیاندا كاری كردووه‌، ساڵی 1968 كۆلیژی مافی له‌به‌غدا ته‌واو كردووه‌و ده‌ستی به‌پارێزه‌ری كردووه‌، له‌م پێناوه‌شدا دیفاعی له‌زۆر لێكراوان كردووه‌، له‌پاڵ كاره‌كه‌ی خۆیدا درێژه‌یداوه‌ به‌خه‌باتی سیاسی، له‌ ساڵی ( 1969-1970 ) سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری رزگاری بووه‌.

ساڵانی ( 1970-1975 ) شازاد ساییب به‌دڵسۆزی و له‌خۆبردنه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا كاری كردووه‌، دوای شكستی 1975 و دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌كوو كادیرێكی به‌ئه‌مه‌ك و ماندوونه‌ناس رۆڵێكی دیاری له‌گه‌یاندنی رێنمایی و راسپارده‌كانی سه‌ركردایه‌تی له‌نێوان ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی وڵاتدا گێڕاوه‌، ساڵی 1980 چۆته‌ شاخ و بۆته‌وه‌ پێشمه‌رگه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا لێزانانه‌ دادگاكانی شۆڕشی رێكخستووه‌.

ساڵانی ( 1978-1983 ) بۆته‌ نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ سوریا و لوبنان، له‌ ساڵی ( 1988 )یشدا نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بووه‌ له‌ ئه‌وروپا و ساڵی 1994 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆته‌ نوێنه‌ری یه‌كێتیی له‌ توركیا، له‌م بواره‌شدا وه‌كو دیبلۆماتێكی سه‌ركه‌توو و به‌توانا خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ی گه‌له‌كه‌ی كردووه‌.

 شازاد سائب خۆشه‌ویستی ناو هاوڕێ و هه‌ڤاڵانی بوو هه‌ر له‌به‌ر له‌خۆبردووی حه‌زی به‌پله‌و پایه‌ نه‌كردووه‌، ساڵی 2001 پۆستی وه‌زیری كشتوكاڵی له‌ كابینه‌ی سێیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا قبوڵكردو زۆر دڵسۆزانه‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی بۆ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌ی جێبه‌جێده‌كرد.

به‌ڵام مه‌خابن رۆژی 2001-05-21 به‌رووداوێكی دڵته‌زێن له‌نزیك شارۆچكه‌ی پیره‌مه‌گرون گیانی سپارد.


PUKmedia تایبه‌ت

77777.jpg

21/5/2019 22:19:00