یه‌كێتی: له‌كه‌ركوك هه‌وڵی ته‌عریب هه‌یه‌

جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لێدوانه‌كانی ڕاكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و ڕاشیده‌كه‌یه‌نێت كه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌ پارێزگاری كه‌ركوك نه‌كراوه‌.

كه‌مێك پێش ئێستا له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگه‌یاند: ڕووداوه‌كانی سه‌رگه‌ڕان ته‌عریب كردنی كه‌ركوكه‌ و قسه‌كانی ڕاكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت ته‌مومژاوین و ڕه‌تیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود وتیشی: ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌بێ مه‌رج گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بكه‌ین و هاوكاتیش ئاماده‌ین بۆ دانوستان له‌باره‌ی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك.

وتیشی: بژارده‌ی خۆپیشاندانمان داناوه‌ بۆ كاتێكی دیكه‌ و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ به‌رگریكردن له‌ كه‌ركوك و مافی كورد و داواشی كرد له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌كه‌ركوكه‌وه‌ دوورن و له‌ده‌ره‌وه‌ی شارن قسه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك نه‌كه‌ن چونكه‌ ئاگاداری دۆخی كه‌ركوك نین.

ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حموود هیوای خواست به‌زووترین كات كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت و پارێزگارێكی كورد بۆ پارێزگاكه‌ دابنرێت.

PUKmedia  تایبه‌ت

20/5/2019 12:36:00