پوتن داوا له‌ ئێران ده‌كات پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ بێت

ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا داوا له‌ ئێران ده‌كات پابه‌ندبێت به‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ15-5-2019، ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌لیكسه‌نده‌ر فان دیر بیلنی هاوتا نه‌مساوییه‌كه‌یدا رایگه‌یاند: له‌ گفتوگۆكانماندا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ ئێرانییه‌كانمان چه‌ندینجار ئه‌وه‌مان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ر پێشهاتێك، به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران له‌ مانه‌وه‌یدایه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: ئێستا شتێكی نادیپلۆماسیانه‌ ده‌ڵێم كه‌ هاوڕێ ئه‌ورووپییه‌كانمان حه‌ز به‌ بیستنی ناكه‌ن، ئه‌مریكا تاكلایه‌نه‌ كشایه‌وه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ شكستی هێنا، له‌ به‌رامبه‌ریشدا وڵاتانی ئه‌وروپا له‌توانایاندا نییه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ رزگاربكه‌ن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌رتی ئابوریی ئێرانیشیان پشتگوێخستووه‌.

ئه‌مڕۆ تاران به‌ ره‌سمی چه‌ند پابه‌ندبوونێكی به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی راگرت و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ش كه‌وتوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. به‌پێی بڕیاره‌كه‌ش، چیتر ئێران پابه‌ندنی سنوورداركردنی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئاوی قورس نابێت.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

15/5/2019 20:23:00