نه‌رویج.. سیمینارێك سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی مافی مرۆڤ به‌ڕێوه‌چوو

رۆژی سێشه‌ممه‌ 14-5-2019، له‌لایه‌ن پارتی سۆشیالیستی چه‌پی نه‌رویجی(SV)، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانی نه‌رویج له‌ شاری ئۆسلۆی پایته‌خت، سیمینارێك سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

سیمیناره‌كه‌ له‌لایه‌ن پێته‌ر ئایده‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی پارتی سۆشیالیستی چه‌پ و سه‌رۆكی پێشووی (رێكخراوی مافی مرۆڤی نه‌رویج) ، به‌هاوكاری دكتۆر ڕزگار هۆرێنی ئه‌ندام و كادری هه‌مان پارت و به‌رپرسی (كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمیته‌ی ڕێكخستنی نه‌رویجی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان)، و گروپی پارتی چه‌پی سۆشیالیستی نه‌رویج له‌شاری لیله‌سترۆم به‌ڕێوه‌چوو.
                                                                                                                      
 سیمیناره‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و له‌سیمیناره‌كه‌شدا وه‌فدێكی كۆمیته‌ی رێكخستنی نه‌رویجی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌شداربوون، كه‌ پێكهاتبوون له‌، هه‌ندرێن باوه‌نوری،ئاراس سۆفی به‌كر،مام شیركۆ  و دكتۆر ڕزگار هۆرێنی و خاتوو به‌هار كه‌هاوكات رێكخه‌ر و پێشكه‌شكار بوون.
 
له‌ سیمیناره‌كه‌دا دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له‌خۆ گرتبوو، له‌ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا، گێڕاڵد فوڵكه‌ ڤۆرد شاره‌زا له‌ رێكخرای مافی مرۆڤی نه‌رویج، باسێكی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌ هه‌مووبه‌شه‌كانی كوردستان كرد و پاشان عبدالله‌ حیجاب باسی ره‌وشی مافی مرۆڤی كرد له‌كوردسانی رۆژهه‌ڵات و خاتوو به‌هار به‌رپرسی كه‌رتی رێكخستنی ژنانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، باسی ره‌وشی مافی مرۆڤی كرد له‌ كوردستانی باشور وخاتوو هه‌ندرێن كادیر و ئه‌ندامی په‌یه‌ده‌ باسی له‌ ره‌وشی ڕۆژئاوا كرد.

ته‌وه‌ری دووه‌میش تایبه‌ت بوو به‌ سیاسه‌تمه‌داران و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی نه‌رویج،  به‌تایبه‌تیش ئه‌ندامانی پارتی چه‌پی سۆشیالیست كه‌ چی بكه‌ن بۆ باشتر كردنی ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان .

PUKmedia هه‌ورامان تاوگۆزی-نه‌رویج

15/5/2019 13:33:00