دابه‌شكردنی مووچه‌ خاوده‌بێته‌وه‌

له‌ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوودا وه‌زاره‌تی دارایی توانیویه‌تی ته‌نها مووچه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێك دابه‌شبكات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی دارایی لایه‌نی جێبه‌جێكاره‌و هه‌ركات پاره‌ هه‌بوو دابه‌شیده‌كات.
 ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: دوو داهات هه‌یه‌ كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ دابه‌شده‌كرێت، یه‌كه‌م .. گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، دووه‌م.. ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی عیراق مانگانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی ده‌نێرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كیان دوابكه‌وێت دابه‌شكردنی مووچه‌ دواده‌كه‌وێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKmedia ، له‌ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوودا، وه‌زاره‌تی دارایی توانیویه‌تی ته‌نها مووچه‌ی پێنج وه‌زاره‌ت دابه‌شبكات و تائێستا كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شوباتی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ دیارنیه‌و پێده‌چێت زیاتر دوابكه‌وێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێدایه‌، به‌پێشتر PUKmedia له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بڵاویكردبووه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نها مووچه‌ی مانگی شوبات پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زان دابه‌شده‌كات و دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئازار ده‌كه‌وێته‌ دوای جه‌ژن.

له‌5-5-2019 وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نها مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌و په‌روه‌رده‌و و دارایی و ته‌ندروستی و شه‌هیدانی دابه‌شكردوه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

 

14/5/2019 09:39:00