فه‌رمانبه‌رانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم !

له‌ هه‌لومه‌رجێكدا كه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕوانى ئه‌نجام و لێكه‌وته‌ باشه‌كانى رێككه‌وتن و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمین، ئه‌مڕۆ له‌پڕ هه‌واڵى گواستنه‌وه‌ى نزیكه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌ یه‌كێتیه‌كان و چه‌ند پارتیه‌كی ناو دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ وه‌زاره‌ته‌كان بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ ئه‌نجامى بڕیارێك بوو كه‌ به‌ ئیمزاى سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ركراوه‌. به‌راستى ئه‌و بڕیاره‌ جێگاى نیگه‌رانیه‌، چونكه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌مێكه‌ له‌وێ كارده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌شیان پێویست بێت ده‌بوایه‌ چاوه‌ڕوانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بوان.
دووه‌م: ئه‌و بڕیاره‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تێكى هاوپه‌یمانى پێك ده‌هێندرێ و خه‌ڵكى چاوه‌ڕوانى كه‌مكردنه‌وه‌ى ناكۆكیه‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنن، نه‌ك پاكتاوكردنى دامه‌زراوه‌كان و تاپۆكردنیان له‌سه‌ر لایه‌نێكى دیاریكراو.
سێیه‌م: سه‌یركردنى كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت به‌چاوى حزبى و مامه‌له‌ى حزبایه‌تى كارێكى نه‌شیاوه‌، ئه‌بێ هه‌موو لایه‌ك بزانین كه‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت موڵكى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستانن و ناكرێ لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێك له‌ ئه‌لف تا ى خاوه‌ندارێتیان بكه‌ن.
چواره‌م: له‌ هه‌رێمى كوردستان ئازادى بیر و باوه‌ڕ و حزبایه‌تى ئازاده‌، ناكرێ به‌هۆكارى بیروبۆچونى جیاواز هاوڵاتیان به‌گشتى و كارمه‌ندانى حكومه‌ت به‌تایبه‌ت له‌ مافه‌كانیان بێ به‌ش  و جیاكاریان پێبكرێ.
پێنجه‌م: سزادانى به‌كۆمه‌ڵ كارێكى نا ده‌ستورى و رێكارێكى نایاساییه‌ و نابێ ئه‌و جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ بندرێن.
شه‌شه‌م: راسته‌ چه‌ند ئه‌ندامێكى پارتیش له‌ناو ئه‌و لیسته‌دان، به‌ڵام ئایا ئه‌وانه‌ به‌ئاگرى یه‌كێتیه‌كانه‌وه‌ سوتاون یان بۆ پاساوى پاكتاوكردن كراونه‌ته‌ قوربانى؟ 
حه‌وته‌م: سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش هه‌واڵێكى وا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ فه‌رمانبه‌رى پله‌ باڵاى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و هه‌ندىَ جێگاى تریش ناچار به‌خۆ خانه‌نیشكردن ده‌كرێن. ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه‌ كه‌ نه‌ له‌ڕووى سیاسى و نه‌ له‌ روِوى یاساى له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى نییه‌ و نابێ.
له‌ كۆتاییدا هیوادام سه‌رۆكى حكومه‌ت ئێستا و سه‌رۆكى ئاینده‌ى هه‌رێم چاوێك به‌و بڕیاره‌دا بخشێنێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌كێتى چاو له‌و بڕیاره‌ و بڕیارى ترى له‌و جۆره‌ش ناپۆشێ، چونكه‌ له‌ پشتى ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ بابه‌تى تر ده‌خوێندرێنه‌وه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ش نیگه‌رانى و دڵه‌راوكىَ و ترس له‌ناو خه‌ڵكى كوردستان دروست ده‌كه‌ن.

نوسینی / ئارێز عه‌بدوڵڵا


PUKmedia تایبه‌ت

13/5/2019 21:51:00