خێزانێك خۆیان بۆ خزمه‌تی هیوا ته‌رخان ده‌كه‌ن

دوای له‌ده‌ستدانی كوڕه‌كه‌یان به‌ نه‌خۆش شێرپه‌نجه‌، خانه‌واده‌یه‌كی شاری سلێمانی زیاتر له‌ ساڵونیوێكه‌ خۆبه‌خشانه‌ ئاماده‌كردنی خواردنی نه‌خۆشانی به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوایان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و داواشده‌كه‌ن، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كار له‌سه‌ر جێگیركردنی سیستمی خواردنی تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ بكه‌ن له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كامه‌ران محه‌مه‌د  سه‌رۆكی خێزانه‌ خۆبه‌خشه‌كه‌ی شاری سلێمانی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌مان ساڵی 2015 به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن گیانی له‌ده‌ستدا، بڕیارماندا خۆبه‌خشانه‌ خزمه‌تی تووشبووانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وه‌ داواكاری كوڕه‌كه‌مانبوو پێش گیان له‌ده‌ستدانی.

وتیشی: له‌ به‌رواری 15-11-2017  وه‌ك خیزانێكی خۆبه‌خشی هه‌شت كه‌سی كاری ئاماده‌كردنی خواردنی به‌شێك له‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوامان گرته‌ ده‌ست و خواردنه‌كان به‌شیوازی وڵاتانی پێشكه‌وتوو له‌ رووی كوالیتی و پاكو خاوێنی و  رازاندنه‌وه‌ به‌پێی جۆری نه‌خۆشی و ته‌مه‌نی تووشبووان ئاماده‌ده‌كه‌ین.

راشیگه‌یاند: خواردنه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی ئیتاڵی و چه‌ند پسپۆڕێكی خواردنه‌وه‌ دیاریكراوه‌و به‌شێكی زۆری خواردنه‌كانیش له‌سه‌ر داوای نه‌خۆشه‌كان بووه‌، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ توانیومانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌ركی سه‌رشانی خێزانه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌.

كامه‌ران محه‌مه‌د وتیشی: له‌لایه‌ن دكتۆر دۆستی نه‌جات به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هیوا وه‌ هاوكاری زۆر كراوین و داواش له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌كه‌ین هاوكاری پڕۆژه‌كه‌مان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نه‌خۆشانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ لێی سودمه‌ندبن.

سه‌باره‌ت به‌كاتی كاركردنیشیان كامه‌ران محه‌مه‌د رایگه‌یاند: خۆم و خانه‌واده‌كه‌م زۆربه‌ی كاته‌كانمان بۆ خزمه‌تكردنی نه‌خۆشه‌كان ته‌رخانكردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌رجه‌م جه‌ژن و بۆنه‌ و رۆژه‌ پشووه‌كانداو رۆژانه‌ 13 بۆ 17 سه‌عات كارده‌كه‌ین .

وتیشی: جگه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خواردن، دیاری تایبه‌ت بۆ توشبووانی شێرپه‌نجه‌ ده‌كڕین و ژور و شوێنی مانه‌وه‌یان به‌ گوڵ ده‌ڕازێنینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی نه‌خۆشكانیش رایگه‌یاند: له‌لایه‌ن نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ و كه‌سوكاریانه‌وه‌ پێشوازی و ده‌ستخۆشییه‌كی زۆر له‌ كاره‌كانمان ده‌كرێت و داوای به‌رده‌وامیمان لێده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش هانمانده‌دات سووربین له‌سه‌ر كاره‌كه‌مان.


PUKmedia  ئا/ ژینه‌ر محه‌مه‌د

 

10.jpg

11.jpg

9.jpg

12/5/2019 13:08:00