هەڵبژاردن لە كوردستان.. یەكەم ئەزموونی دیموكراسی

لەچەند رۆژی داهاتوودا هەرێمی كوردستان یادی ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسی و ئازاد بۆ پێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە، كە لە 19-5-1992 ئەنجامدرا، لەوكاتەشەوە تا ئێستا لە هەریەك لە ساڵەكانی (1992-2005-2009-2013-2018) پێنج هەڵبژاردن بۆ نوێكردنەوەی پەرلەمان ئەنجامدراوە.

پەرلەمانی كوردستان بۆچی دامەزراوە؟

سەرەتا پەرلەمانی كوردستان بە دوو مەبەستی گرێدراوی یەكتر دامەزرا كە تا ئێستاش هەمان بایەخی هەیە.

یەكەم: دامەزراندن و دروستبوونی قەوارەیەكی نەتەوەیی دوای خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد بەدرێژایی سەدەی بیستەم، بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی، بەمانایەكی دیكە پەرلەمان بەرجەستەكەری دەستكەوتەكانی ئەو خەباتە نەتەوەییەیە.

دووەم: پەرلەمانی كوردستان سەكۆی نوێنەرایەتی هاووڵاتییە لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەمەش مانای هەوڵدانی كورد بۆ بەرقەراركردنی كۆمەڵگەیەكی هاوچەرخ، لەسەر بنەمای مافەكانی هاووڵاتی و دیموكراسی دەدات.

كەواتە، پەرلەمانی كوردستان لەلایەك چارەنووسی گەلی كوردستان لەڕووی مافە بەكۆمەڵە نەتەوەییەكانەوە دیاری دەكات و لەلایەكی دیكەش نوێنەر و دابینكەری مافی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستانە.

یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردن

یەكەمین ئە‌زموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە‌شێوە‌یە‌كی دیموكراسی بە‌پێی یاسای ژمارە‌ (1)ی بە‌رە‌ی كوردستانی لە‌ 19\5\1992 بە‌سە‌رپە‌رشتی و چاودێری نوێنە‌رانی چە‌ندین رێكخراوی بیانی لە‌بواری مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئە‌ندامانی پە‌رلە‌مانی وڵاتانی ئە‌وروپا و رۆژنامە‌نووسانی بیانی كرا، كە‌ (967.229) دە‌نگدە‌ر بە‌شدارییان تێدا كرد. 

دووەم پرۆسەی هەڵبژاردن

لە‌ رۆژی 30 /1/ 2005 خولی دووە‌می هەڵبژاردنە‌كانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا،  كە هاوكاتی هەڵبژاردنە‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌ بوو تێیدا 1.753.919 كە‌س بەشدارییان كرد. 

ئەمەش یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی بوو ‌دوای روخانی رژێمی سەدام لە كوردستان و عیراق ئەنجام بدرێت. 

 لەو هەڵبژاردنەدا دانیشتووانی كوردستان جیا لە دانیشتوانی ناوچە‌كانی دیكەی عیراق، لەیە‌ككاتدا دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سێ ئەنجومەنی جیاوازدا، كە بریتی بوون لە(ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان- عیراق ‌لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك - ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق - ئەنجوومەنی پارێزگاكان)

سێیەم پرۆسەی هەڵبژاردن

رۆژی 25/7/2009 هەڵبژاردنی خولی سێیە‌می هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی چە‌ندین چاودێری نێودەوڵەتی و بیانی وعەرەبی و ناوخۆیی بەڕێوە‌چوو. 

لەو هەڵبژاردنەدا نەخشەی سیاسی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری بەسەرداهات، بەشێوەیەك كە بۆیەكەمجار لەناو پەرلەماندا، لانی كەم چوار هێزی سەرەكی هەبوون، نەك دووهێز وەك لە خولی یەكەم و دووەمدا تێبینی دەكرا كە یەكێتی پارتی بوون.

چوارەم پرۆسەی هەڵبژاردن

رۆژی 21/9/2013 پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارە‌می پەرلەمانی كوردستان بەسیستمی نیمچە‌كراوە‌ بەڕێوە‌چوو. 

پێنجەم پرۆسەی هەڵبژاردن

رۆژی 30-9-2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

لەو پرۆسەیەدا 2 ملیۆن و 914 هەزارو 572 كەس لە هەموو هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو، واتە لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە).

بەپێی خشتەیەكی فەرمانگەی داتای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش ژمارەی بنكەو ژمارەی دەنگدەران و وێستگەكان لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دابەشبوبوون:

1- هەولێر 499 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە 2 هەزارو 142 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتووەو (ملیۆنێك و 36 هەزاو 419) كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

2- لە سلێمانی 476 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە 2 هەزارو 306 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتووەو (ملیۆنێك و 134 هەزارو 760) كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

3- لە دهۆك 257 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە هەزارو 361  وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتووەو (677هەزارو 797)كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

4- لە هەڵەبجە 28 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە 132 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتووەو (66 هەزارو 16) كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

دوای ئەنجامدانی پێنجەم پرۆسەی هەڵبژاردنیش لە ئێستادا لایەنە سیاسییەكانی هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن و چاوەڕواندەكرێت بەم نزیكانە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێبكبهێنن.

PUKmedia   ئا/تاژاو محەمەد 

 

 

7/5/2019 17:06:00