خۆری حكومەت لەسلێمانییەوە هەڵهات

ئەمڕۆ سلێمانی بووە چەقی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و لەیەك رۆژدا گرێ كوێرەی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان بەئیمزاكردن كرایەوە.

دوای 218 رۆژ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان یەكێتی و پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لەسلێمانی ئیمزا كران.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ی ئایاری 2019، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسلێمانی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەسەركردەكانی هەردوولا ئیمزا كرا.

دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەش، كۆسرەت رەسوڵ عەلی و نیچیرڤان بارزانی پیرۆزباییان لەخەڵكی كوردستان كرد بۆ رێككەوتنەكە.

هەر ئەمڕۆش رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگردی زەرگەتە لەسلێمانی ئیمزاكرا.

  PUKmedia تایبەت 

 

 

5/5/2019 18:06:00