سه‌رۆك كۆمار داوای بەجیهانیكردنی ئاسه‌واره‌كانی بابل دەكات

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی "یۆنسكۆ" سه‌رۆك كۆمار داوایكرد ئاسه‌واره‌كانی بابل له‌ لیستی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی جیھاندا تۆمار بكرێت.
سه‌رۆك كۆمار د. به‌رھه‌م ساڵح له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ و زانست و رۆشنبیری ( یۆنسكۆ ) ئودری ئه‌زولای، رێككه‌وتن له‌ باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری بۆ داوای عیراق له‌ سه‌ر دۆسێی تۆماركردنی ئاسه‌واره‌كانی بابل له‌ لیستی شوێنه‌واره‌كانی جێھانیدا.

هاوكات سه‌رۆك كۆمار به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ ھه‌ماھه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌و دۆسێه‌ و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و پارێزگاری بابل له‌و باره‌یه‌وه‌.

سه‌رۆك به‌رھه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ئه‌زولای باسی له‌ رۆڵی (یۆنسكۆ) كرد له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی موسڵ، به‌تایبه‌تی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی شاره‌كه‌، هاوكات رۆڵی (یۆنسكۆ)ی له‌ پشتیوانیكردنی داواكه‌ی عێراق بۆ تۆماركردنی ئاسه‌وار و ناوچه‌ مێژووییه‌كانی له‌ لیستی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی جیھاندا به‌رزنرخاند.

  ھه‌روه‌ھا سه‌رۆك به‌رھه‌م ساڵح، بانگهێشتی ئه‌زولای كرد بۆ سه‌ردانكردنی عیراق.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یۆنسكۆ خۆشحاڵی خۆی به‌و بانگهێشتنامه‌یه‌ی سه‌رۆك كۆمار ده‌ربڕی و به‌ڵێنی دا كه‌ داواكه‌ جێبه‌جێ بكات، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ پشتیوانیكردنی رێكخراوی (یۆنسكۆ) له‌ عیراق كرده‌وه‌ بۆ تۆماركردنی له‌ لیستی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی جیھاندا، هاوكات باسی رۆڵی رێكخراوه‌كه‌ی له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شارانه‌ كرد كه‌ دووچاری وێرانكردن بوون له‌ سه‌ر ده‌ستی تیرۆرستانی داعش.

PUKmedia

30/4/2019 17:10:00