پیره‌: ئه‌ڵمانیا خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 23-4-2019، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری ھه‌ولێر پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی كونسڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا كه‌پێكهاتبوون له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ خاتوو باربرا شنایده‌ر به‌رپرسی به‌شی سیاسی و بریكاری كونسوڵی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێرو مونیكا روكرت لێپرسراوی سیاسی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان .

له‌ دیدارێكی نێوان ھه‌ردوولادا به‌درێژی بارودۆخی سیاسی عیراق و ھه‌رێمی كوردستان گفتووگۆی له‌باره‌وه‌كرا، به‌تایبه‌تیش بارودۆخی دوای ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان .

 باربرا شنایده‌ر به‌رپرسی به‌شی سیاسی و بریكاری كونسوڵی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ھه‌ڵوێستی ئه‌رێنی یه‌ به‌رامبه‌ر پرسی كورد به‌گشتی عیراق به‌تایبه‌تی، ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا شانازی ده‌كات له‌ چوارچێوه‌ی ھاوپه‌یمانیه‌تی نێوده‌ڵه‌تی توانیویه‌تی به‌شداربێت له‌ شه‌ری دژ به‌ تیرۆر و ھاوكاری و ھه‌ماھه‌نگیكردنی ھێزه‌ عیراقیه‌كان به‌گشتی و ھێزی پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی.

دواتر  رایگه‌یاند: حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ سه‌قامگیری سیاسی و ئارامی ناوچه‌كه‌یه‌، ھاوكات خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌م كێشه‌و گرفته‌كان له‌ رێگه‌ی گفتووگۆی ئاشتیانه‌ و رێزگرتن له‌ ڕاو بۆچوونی یه‌كتر كه‌ یه‌كانگیربێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكان و ره‌خساندنی كه‌شێكی له‌بار بۆ پێشكه‌وتنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشگوزه‌رانی، وتیشی: ئاماده‌ی ھه‌موو ھه‌ماھه‌نگی و ھاوكاریه‌كن بۆ سه‌رخستنی ھه‌ر ھه‌وڵێك كه‌ ببێته‌ ھه‌وێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

دواتر له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا دیداره‌كه‌دا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ستایش و سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی  ئه‌ڵمانیای كرد كه‌ له‌ رابردوو و ئێستادا هه‌میشه‌ پشتیوانی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان بوونه‌، له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ری دژ به‌ تیرۆریشدا له‌ رێگه‌ی راوێژكار و راهێنه‌ره‌ سه‌ربازیه‌كانیانه‌وه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوون و خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد.

PUKmedia فۆتۆ: ده‌رباز ستار

23/4/2019 16:59:00