بافڵ تاڵه‌بانی: له‌ قۆناغی كۆتایی پێكھێنانی حكومه‌تداین

بافڵ تاڵه‌بانی پێشوازییكرد له‌ جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ھاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد له‌باره‌ی پێشھات و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان ھه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه‌.

ئه‌مڕۆ 22-4-2019، بافڵ تاڵه‌بانی له‌ ده‌باشان چاویكه‌وت به‌ باڵیۆز ولیام رویبوك جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ھاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و ستیڤ فه‌یگن كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌  ھه‌رێمی كوردستان.

له‌به‌ر رۆشنایی سیاسه‌تی بڕیارلێدراوی یه‌كێتی، بافڵ تاڵه‌بانی باری سه‌رنجی له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوری ھه‌رێم خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: له‌ قۆناغه‌كانی كۆتایی پێكھێنانی حكومه‌تی نوێی ھه‌رێمین  و چاكسازی و خزمه‌تكردن و ئاوه‌دانی زیاتر له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داھاتوو ده‌بێت و ھه‌موو ھه‌وڵێكی یه‌كێتیش كاركردن ده‌بێت بۆ گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ به‌ڕێوبردن و ئیداره‌دانی ھه‌رێم.

سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی نوێی رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر، بافڵ تاڵه‌بانی رونیكرده‌وه‌، شه‌ڕی داعش كۆتایی نه‌ھاتووه‌ پێویسته‌ به‌ سیاسه‌ت و ستراتیژێكی نوێوه‌ پلان دابنێین بۆ شه‌ڕ دژی داعش و له‌رووی په‌روه‌رده‌و فیكره‌وه‌ رووبه‌ڕووی بیری ترس و تۆقاندن و توندڕه‌وی ببینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌ھاوكاری به‌رده‌وامی ھاوپه‌یمانان ده‌بێت.

په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی سیاسیش له‌ عیراق، بافڵ تاڵه‌بانی ھه‌ڵوه‌سته‌ی كرد له‌سه‌ر سیاسه‌تی نوێی عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداو ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كۆی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورو به‌رژه‌وه‌ندی ھاوبه‌ش.

له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌فدی میوان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ رۆڵی ھێزی پێشمه‌رگه‌یان رووانی له‌ سه‌ركه‌وتنی جه‌نگی رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش و سوپاسی یه‌كێتییشیان كرد له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا رۆڵی سه‌ره‌كیان بینیوه‌ ھه‌روه‌ھا له‌ ھاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا رۆڵی باشی گێڕاوه‌.

ئه‌وه‌شیان راگه‌یاند: كه‌ ئه‌مریكا كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكات له‌ سه‌رھه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ناوچه‌كه‌داو رۆڵیش ده‌بینن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان ھه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق، له‌باره‌ی پێكھێنانی حكومه‌تی نوێی ھه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ وه‌فده‌كه‌ پشتیوانی خۆیان دوپاتكرده‌وه‌ بۆ به‌زوویی پێكھێنانی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م پێكھێنانی حكومه‌ت.

PUKmedia

18.jpg

20.jpg

22/4/2019 19:33:00