ئاكه‌په‌ داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

پارتی دادو گه‌شه‌پێدانی توركیا له‌ رێی تانه‌یه‌كی جیاوازو تایبه‌ته‌وه‌ ده‌یه‌وێت ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

ئیحسان یاووز جێگری سه‌رۆكی ئاكه‌په‌ رایگه‌یاندووه‌، پارته‌كه‌یان ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ پێشكه‌شكردنی تانه‌یه‌كی جیاواز ته‌واوكردووه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا پێشكه‌شی لیژنه‌ی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیای ده‌كات. وتیشی: ده‌یانه‌وێت له‌و رێیه‌وه‌ ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی 31 ی ئاداری رابردوو ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ھێشتا ده‌نگه‌كانی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ داوایكردووه‌ به‌ زووترین كات ئه‌نجامه‌كان رابگه‌یه‌نرێن.

به‌پێی دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی له‌ 97.4 % ی ده‌نگه‌كانی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ، كاندیده‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ جیاوازی 14 ھه‌زار ده‌نگ له‌پێش بیناڵی یڵدرم كاندیدی ئاكه‌په‌وه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانیش به‌ سه‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن له‌ ئه‌سته‌نبوڵ یه‌كلابكرێته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتی 25  ساڵه‌ی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌و شاره‌ كۆتایی دێت.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

15/4/2019 15:37:00